ئەمڕۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی لە کوردستان و سبەیش لە ئەورووپا بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوا بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ هەینی 30ـی کانوونی یەکەمی 2026، بە دروشمی(یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە) کاتژمێر 3ـی پاش نیوەڕۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان، لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، سبەیش کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، گەورەترین خۆپیشاندانی کوردستانیانی دیاسپۆرا لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا ڕێک دەخات.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، هەر ئەمڕۆ هەینی، کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ، لە شاری سلێمانی و چەند شارێکی دیکەش، خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دووپات دەکەنەوە.
وەک بڕیارە، سبەی شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە بەشداریی زیاتر لە 20 هەزار کوردستانی دیاسپۆرا، خۆپیشاندانی پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان رێک بخات.
دوای هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستان کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان راگەیەندراوە.
هاوکات لەسەرجەم ناوچەکان و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا و بەریتانیا، رەوەندی کوردستانی خۆپیشاندانی پشتیوانی رێکخست و پەیامی کورد و رۆژئاوای کوردستانیان گەیاندە ناوەندەکانی بڕیار و پەرلەمانەکانی جیهان.
هەر لەم بارەیەوە، دوو سیناتۆری ئەمریکا، پرۆژە یاسای بەهاناوەچوونی کورد لە سووریا پێشکەشی کۆنگرێس دەکەن.
لیندزی گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند: لەگەڵ ریچارد بلومینتاڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران، پرۆژەی بەهاناوەچوونی کوردیان پێشنیاز کردووەم هاوکات هەردوو پارتە سەرەکییەکە، پشتیوانی لە بیرۆکەی بەهاناوەچوونی کورد لە سووریا دەکەن، چونکە کورد هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ئەمریکایە.
ئاشکراشی دەکات کە هەسەدە بەشێکی سەرەکی کوردە، بەشێکی گەورەی شەڕی داعشی کرد لە ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە داعش تێکبشکێنێت.
گراهام ئاماژەی بەوەشکردووە، سووریا لە رووی کلتووری و پێکهاتەی نەتەوەیی و سیاسییەوە ئاڵۆزە، بەڵام هێرشکردنە سەر کورد، پێگەی کورد زۆر لاواز دەکات و بەربەست بۆ گەشەسەندنی سووریا دروست دەکات.
گراهام جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو وڵات و گرووپانە زۆر هەڵەن کە پێیان وایە، وەرزی هێرشکردنە سەر کوردە لە سووریا، بێ ئەوەی لێکەوتەی هەبێت.