بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر: گەشتە ئاسمانییەکان دەستیان پێکردووەتەوە
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی چڕی تەمومژەوە گەشتە ئاسمانییەکان وەستابوون، ئەمڕۆ دەستیان پێکردەوە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: لە کاتژمێر 7:30 بەیانییەوە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە دەستیان پێکردووەتەوە و ئاسایی بووەتەوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە گوتی: بەهۆی تەم و مژێکی چڕ لە کاتژمێر 9:30 بەیانی دوێنێ پێنجشەممەوە گەشتە ئاسمانییەکان وەستابوون.
هەروەها شەوی رابردوو، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە بە کوردستان24ـی رایگەیاند: تیمە تەکنیکییەکان و تاوەری چاودێری بە وردی چاودێری دۆخی کەشوهەوا دەکەن و هەرکاتێک مەودای بینین گەیشتەوە ئاستی ستاندارد، گەشتەکان دەست پێدەکەنەوە.
داواشی لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد، پێش ئەوەی سەردانی فڕۆکەخانە بکەن، پەیوەندی بە هێڵە ئاسمانییەکانەوە بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە کاتی نوێی گەشتەکانیان.