ئامەد سپۆر، بەهۆی ڤیدیۆی کەزی هۆنینەوە بە زیاتر لە 800 هەزار لیرە سزادرا

ئامەدسپۆر بەهۆی ڤیدیۆیەکی "کەزی هۆنینەوە" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی" 802 هەزار و 500 لیرە سزا درا.

ئەمڕۆ هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، لێژنەی سزادانی تۆپی پێی پیشەگەر (PFDK) سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF)، سزای درایی بەسەر یانەی ئامەد سپۆر سەپاند، هۆکاری سزاکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە 22ـی ئەم مانگە لە سۆشیال میدیا ڤیدیۆیەکی کەزی هۆنینەوە بڵاوکردووەتەوە.

ئەو ڤیدیۆیەی "کەزی هۆنینەوە" کە لە هەژماری ئامەدسپۆر بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن فیدراسیۆنەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی" و "ئەو لێدوانانەی کە ئاراستەکراون بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی تۆپی پێ و دامەزراوەکان" لەقەڵەم درا.

لە بڕیارەکەی لێژنەکە دا هاتووە ئامەدسپۆر بە بڕی 802 هەزار و 500 لیرە سزا دراوە، کە بە نزیکەی دەکاتە 24 ملیۆن و 178 هەزار دیناری عێراقی.

 هەروەها ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر بەهۆی هەمان پۆستەوە ڕەوانەی لێژنەی سزای کراوە.

لێژنەکە بڕیاری دا کە سەرۆک ناهید ئەرەن "لێدوانی بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی دامەزراوەکان" داوە و بەو هۆیەوە سزای 15 ڕۆژ بێبەشکردنی لە مافەکانی (سزای کارگێری) بەسەردا سەپاند.