سوودەکانی چای کەرکەدی لە مانگی رەمەزان
لە مانگی رەمەزاندا خواستێکی زۆر لەسەر خواردنەوەی "کەرکەدی" هەیە، کە نەک تەنیا جەستە لە وشکبوونەوە دەپارێزێت، بەڵکو بەهۆی دەوڵەمەندیی بە دژە ئۆکسانەکان، وەک دەرمانێکی سروشتی بۆ دابەزاندنی فشاری خوێن و پاراستنی دڵ دادەنرێت.
کەرکەدی چییە؟
کەرکەدی (Hibiscus) دەوەنێکی بچووکە و بە شێوەیەکی فراوان لە وڵاتانی وەک میسر و سوودان دەچێنرێت. بەرزیی ئەم رووەکە دەگاتە نزیکەی دوو مەتر و بە لاسک و گەڵا سوورە ترشەکانی دەناسرێتەوە. بنەچەی ئەم رووەکە بۆ هیندستان و مالیزیا دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا لە زۆربەی ناوچە کەمەرەیییەکانی جیهاندا بەردەستە و بە ناوەکانی وەک "چای ترش" یان "چای سوور"یش دەناسرێت.
سوودە پزیشکییەکان
توێژینەوە زانستییەکان سەلماندوویانە کە کەرکەدی تایبەتمەندیی دەرمانسازیی گرنگی هەیە، لەوانە: دابەزاندنی فشاری خوێن، دژە هەوکردن، دژە میکرۆب و چارەسەری کەمخوێنی. ئەم رووەکە مێژوویەکی درێژی لە بەکارهێنانی پزیشکی و چێشت لێناندا هەیە؛ بۆ نموونە لە چین و تایلاند وەک خواردنەوەیەکی سەرەکی بۆ شکاندنی تینوێتی بەکاردێت.
کاریگەریی لەسەر فشاری خوێن
کەرکەدی بەوە ناسراوە کە ئاستی فشاری خوێن و کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت. لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە کە خواردنەوەی تەنیا یەک ژەم لە چای کەرکەدی، توانیویەتی فشاری خوێنی کەسێک لە 180/120 بۆ 150/100 دابەزێنێت. ئەمەش مەترسییەکانی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و سستیی گورچیلە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.