کەمێکی دیکە مەزڵووم عەبدی وردەکاریی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق رادەگەیەنێت

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند: کەمێکی دیکە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وردەکاریی ڕێککەوتنە گشتگیرەکەیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا رادەگەیەنێت.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: پاش کەمێکی دیکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنە گشتگیرەکەیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا رادەگەیەنێت.

لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی مەیدانیی رێککەوتنەکە، پەیامنێری کوردستان24 لە حەسەکە زانیاریی وردی دەستکەوتووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، کە تیایدا هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی حکوومەتی سووریا دەگەڕێنەوە بۆ ناوەندی شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا، بڵاو کرایەوە و تیایدا هاتبوو، شەڕ کۆتایی دێت و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەست پێدەکات.