قالیباف: دوژمنان لە گەلی ئێران تووڕە و بێئومێدن
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: کە هەوڵەکانی دوژمن بۆ لێدانی ژێرخانی وڵاتەکەی گوزارشتە لە شکستی مەیدانی و ناوچەکە چووەتە ناو ئاستێکی نوێی ململانێوە.
چوارشەممە، 18ـی ئااری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "گەلی ئێران شەوی رابردوو تەواوی پیلانەکانی دوژمنی پووچەڵ کردەوە."
قالیباف روونی کردەوە، کە دوژمنان بەهۆی تووڕەیی و نائومێدییان لە گەلی ئێران، پەنا بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانەکان دەبەن تا شکستی خۆیان لە مەیدانەکاندا بشارنەوە. بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەم هەوڵە بەلای ئەوانەوە جۆرێکە لە خۆکوژی.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە گۆڕانکاریی ستراتیژی لە ململانێکاندا کرد و گوتی: "هاوکێشەی 'چاو بە چاو' جێگیر بووە و ئاستێکی نوێ لە رووبەڕووبوونەوە دەستی پێکردووە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.