پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: سەرۆک بارزانی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژئاوا کرد

پەرلەمانتاری دەم پارتی، وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی "پیرۆز"ی سەرۆک بارزانی لە هێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پاراستنی یەکێتیی کورد، ئاشکرای دەکات کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی ڕێگر بوون لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان و هاوکات پلان و جووڵەی دیپلۆماسیی حزبەکەشی لەسەر ئاستی جیهان و تورکیا بۆ هەمان پرس دەخاتە ڕوو.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، حوسێن ئۆلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەمیان بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کوردستان 24 ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی یەکجار گەورەی هەبوو لە هێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژئاوا و پەرەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان.

گوتیشی، ئەم ڕۆڵەی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنن کە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان کرد و یەکێتی کوردانی پاراست، باسی لەوەش کرد ئەم هەوڵانەی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد و هێور کردنەوەی دۆخەکە زۆر پیرۆزە.

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاماژەشی دا، پەرلەمانتاری حزبەکەیان لە سەر ئاستی جیهان هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ گەیاندنی پەیامی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەوە لەوێ ڕوودەدات چڕ کردووەتەوە، تەنانەت لە پەرلەمانی ئەوروپا قسەیان لەو بارەوە کردووە، هاوکات لە نێو تورکیاش لەگەڵ لایەنەکان لەو بارەوە کۆدەبنەوە، دەشڵێت: پلان و چالاکیی تایبەت بە پرسی ڕۆژئاوای کوردستانیان لە نێو پەرلەمانی کوردستان هەیە.