ئیلهام ئەحمەد وردەکاریی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا دەکات

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنە نوێیەکەیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا خستەڕوو و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە گەرەنتی ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات و تێیدا بڕیار لەسەر تێکەڵکردنەوەی هەسەدە و یەپەژە بە سوپای سووریا دراوە، هاوکات ڕەخنەی لە ڕۆڵی ئەمەریکا گرت و بە "نەرێنی" وەسفی کرد.

ئیلهام ئەحمەد گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا شەڕێکی سەخت و پیلانێکی زۆر هەبوو بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانیان، بەڵام بە هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیر، ڕای گشتیی کورد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە کە ڕۆڵیان هەبووە، توانراوە خاک، سنوور و دەستکەوتەکان بپارێزرێن. ڕوونیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە ڕێگریکردن بووە لە قڕکردنی هاووڵاتییان و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، چونکە ئەگەر تەنیا خەباتی چەکداری بمێنێت، گەرەنتی نییە شەڕ بە یەکجاری کۆتایی بێت.

سەبارەت بە وردەکاریی سەربازیی ڕێککەوتنەکە، ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد، پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەپێی پلانەکە سێ لیوا لە حەسەکە و کۆبانێ دروست دەکرێن کە تایبەت دەبن بە ناوچەکە و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی سووریادا دەبن، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای سووریا دەچنە ناو حەسەکە و قامشلۆ.

لەبارەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، ناوبراو ڕایگەیاند: ئەوان بەشێکن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەبنە بەشێک لەو لیوایانەی کە پێکدەهێنرێن.

سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دڵنیایی دا کە هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەکە دەمێننەوە و دەبنە هێزێکی فەرمی و کەس شوێنی ئەوان پڕ ناکاتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبێت ئەو گرووپە چەکدارانەی لەم دواییانەدا پێشڕەوییان کردووە، بە گەرەنتیی وڵاتانی نێوەندگیری پرۆسەکە، بۆ شوێنەکانی خۆیان بکشێنەوە و هێڵەکانی بەرکەوتنی نێوان سوپای سووریا و هەسەدە دیاری کراون.

لەبارەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، ئیلهام ئەحمەد ڕوونی کردەوە، بەپێی ڕێککەوتنەکە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان لە دەست حکوومەت دەبن، بەڵام فەرمانبەرانی ناوچەکە بەڕێوەی دەبەن و ئەوانەی لەوێ کار دەکەن دەبێت خەڵکی ناوچەکە بن.

تایبەت بە دەروازەی سێمالکاش گوتی: دەروازەی سێمالکا بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ئەمەش لەنێو ڕێککەوتنەکەدا جێگیر کراوە، فەرمانبەرانی ئەو دەروازەیە دەبنە فەرمانبەری فەرمیی حکوومەت. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە بوونی ناکۆکی کرد لەسەر وردەکاریی دەروازەکان و ڕایگەیاند گفتوگۆ بەردەوامە چونکە داوای ئەوان ئەوەیە پاراستنی خاڵە سنوورییەکان لەدەستی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا بێت.

سەبارەت بە گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکان، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند: وڵاتانی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمەریکا و فەرەنسا، بەڵێنیان داوە گەرەنتیی ئەمنییەت و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە ئەستۆ بگرن.

بەڵام سەبارەت بە ڕۆڵی سیاسیی واشنتن ڕەخنەی گرت و گوتی: ڕۆڵی ئەمەریکا لە دانوستانەکاندا ئەوە نەبوو کە ئێمە پێشبینیمان دەکرد، بەڵکو ڕۆڵێکی نەرێنییان هەبوو؛ بەتایبەت کە هەسەدە ڕۆڵێکی کاریگەری لە تێکشکاندنی داعش هەبوو، بۆیە ئەوەی لە وان داوا دەکرا ئەوە بوو ڕۆڵێکی دادپەروەریان هەبێت.

لەگەڵ ئەوەش دا، داوای کرد هەمووان پشتیوانی لە پرۆژەیاسای لیندزی گراهەم لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بکەن بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و مسۆگەرکردنیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر لایەنی مرۆیی و ئاشکرای کرد، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێکانی، عەفرین، گوندەواری حەلەب، شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە ئەمەش بەشێکی سەرەکییە لە ڕێککەوتنەکە و هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.

سەبارەت بە لایەنی ئیداری و ڕۆشنبیری، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە لە دەسەڵاتی ئەواندا دەبێت و دامەزراوەکانی وەک پەروەردە ڕێک دەخرێنەوە، بە جۆرێک زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە خوێندندا دەمێنێتەوە.

ڕاشیگەیاند کە بڕیارە مەرسوومێک لە سەرۆکایەتیی سووریاوە دەربچێت، کە تێیدا بە شێوەیەکی فەرمی دان بە هەموو ئەو بڕوانامانەدا دەنێت کە بە زمانی کوردی بەدەست هێنراون. هەروەها لەبارەی مەرسوومەکانی پێشووشەوە گوتی تێبینییان هەیە و گفتوگۆ بۆ گۆڕانکاری لە هەندێک خاڵدا دەکەن.

ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە دەرکردنی مەرسووم بە تەنیا مافەکان پارێزراو ناکات، بەڵکوو دەبێت ببێتە دەستوور و مافەکانی کورد بە شێوەیەکی فراوان لە خۆ بگرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، بەو پێیەی ئێستا سووریا لەبەردەم هەڵبژاردن و قۆناغێکی نوێی سیاسی و دەستووریدایە، دەبێت دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و هاوبەشییان تێدا بکرێت. بۆیە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ تێکۆشانمان دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە و دەست بە تێکۆشانی سیاسی، یاسایی و دەستووری دەکەین،" هەروەها بەڵێنی دا هەموو هەوڵێک بدەن بۆ زامنکردنی مافی شەهیدان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.