سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکات

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا، وێڕای پێشوازییکردن لە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، پیرۆزبایی لە هەردوو لایەن کرد و گوتی: "هەمیشە لەو بڕوایە داین كە دیالۆگ و ئاشتی ڕێگەی دروستە بۆ چارەكردنی كێشە و ناكۆكییەكان".

هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکی بارزانی، پەیامێکی بڵاو کردەوە، تێیدا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی رێککەوتنەکەوە، پیرۆزبایی لە دیمەشق و هەسەدە کرد و هیوای خواست ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام و سەرکەوتوو بێت.

سەرۆکی بارزانی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، دەڵێت: "ئێمە هەمیشە لەو بڕوایە داین كە دیالۆگ و ئاشتی رێگەی دروستە بۆ چارەکردنی كێشە و ناكۆكییەكان."

لە کۆتایی پەیامەکەدا، سەرۆکی بارزانی هیوای خواستووە، ئیدی کۆتایی بە ئازار و مەینەتی گەلی کورد لە سووریا بێت و، هەموو لایەک بە ئاشتی، ئازادی و سەقامگیری لە سووریا شاد بن.

ئەمڕۆ دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا، بڵاو کرایەوە و تیاییدا هاتبوو، شەڕ کۆتایی دێت و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەست پێدەکات.