مەزڵووم عەبدی وردەکارییەکانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ئاشکرا دەکات

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە ئەم هەنگاوە بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانی "کۆمەڵکوژیی کورد" بووە. عەبدی جەخت دەکاتەوە کە سوپای سووریا ناچێتە نێو شارە کوردییەکان و بە گەرەنتیی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ و ئیمانوێل ماکرۆن، قۆناغی خەباتی سیاسی بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد دەستپێدەکات.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا زانیاریی نوێی لەسەر رێککەوتنی نێوان هێزەکانیان و حکوومەتی نوێی دیمەشق خستە روو و رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە ستراتیژییە بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی ئەو پلانانە بووە کە بۆ کۆمەڵکوژکردنی کورد داڕژابوون. عەبدی ئاشکرای کرد کە رۆژی 27ـی ئەم مانگە لە شاری دیمەشق، کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژ و چڕیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئەنجامداوە و ئامانجی سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە گەیشتن بووە بەو رێککەوتنەی کە ئەمڕۆ بە فەرمی راگەیەندرا.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ راگرتنی ئەو شەڕە کۆمەڵکوژییەی رووبەڕووی کورد ببووەوە، بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوتووە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی شەڕ وەک پێویست نین، بڕیاریان داوە پەنا بۆ ئەم رێککەوتنە ببەن تا ڕێگری لە کۆمەڵکوژیی گەلەکەیان و جێبەجێکردنی پلانە دژەکان بگرن.

سەبارەت بە ناوەرۆک و لایەنی سەربازیی رێککەوتنەکە، مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و ناوچەیەکی کوردییەوە و بە تایبەتی شارەکانی کۆبانێ و جەزیرە لەژێر دەسەڵاتی سەربازیی ئەواندا دەمێننەوە، چونکە ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانە بە تەواوی لە ئەستۆی هێزەکانی هەسەدەدا دەبێت. هەرچەندە بڕیارە هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا تێکەڵ بکرێن، بەڵام عەبدی روونی کردەوە کە ئەمە بە واتای دەسەڵاتگرتنی سوپا نییە لە ناوچە کوردییەکاندا، بەڵکوو تەنیا جۆرێکە لە هەماهەنگیی نیشتمانی.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە دا، رێگەیان داوە ژمارەیەکی کەمی سوپای سووریا بچنە نێو هەر دوو شاری حەسەکە و قامشلۆ، بەڵام ئەوەی دووپات کردەوە کە ئەو هێزانە تەنیا بۆ مەبەستی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان لەوێن و هیچ ئەرکێکیان بۆ دەسەڵاتگرتن یان کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە نییە و تەنیا چەند ئەرکێکی دیاریکراوی خۆیان جێبەجێ دەکەن و دواتر ناوچەکە بەجێدەهێڵن

مەزڵووم عەبدی، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هێزەکانی سووریا لە ناوچەکانیان جێگیر نابن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارە تیمێکی هاوبەش لە هەردوولا پێکبهێنرێت تەنیا بۆ مەبەستی رێکخستنەوەی دامەزراوە مەدەنی و کارگێڕییەکان، وەک پارێزگای حەسەکە و فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، نەک بۆ کاروباری سەربازی؛

جەختیشی کردەوە کە بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان هەر لە دەستی دانیشتووانی ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و ئەو دامەزراوانەی پێشتر بونیاد نراون وەک خۆیان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند کە بەشێکی سەرەکیی ئەم رێککەوتنە بریتییە لە پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان لە هەموو رەهەندەکانی سیاسی، کارگێڕی، چەکداری، پەروەردەیی و کەلتوورییەوە. روونیشیکردەوە کە توانیویانە تا ڕێژەیەکی زۆر باش دەستکەوتەکانی شۆڕش بپارێزن، هەرچەندە ئاستی ڕێککەوتنەکە وەک ئەوە نییە کە بە تەواوی ویستوویانە، بەڵام وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی ناوچەکە وەسفی کرد. بەپێی رێککەوتنەکە، هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەکانی جەزیرە، قامشلۆ، حەسەکە، دێرک و کۆبانێ وەک "لیوای هێزەکانی بەرگریی سووریا" دەمێننەوە و ئەرکی پاراستنی ناوچەکە جێبەجێ دەکەن.

سەبارەت بە دۆخی شاری کۆبانێ، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر شارەکە کۆتایییان دێت و گەمارۆکە هەڵدەگیرێت. لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەش، ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ واژۆ کراوە و دوای سێ رۆژی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو ماوەیەدا پێویستە سوپای عەرەبیی سووریا لەو ناوچانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە بکشێنەوە، لە بەرامبەریشدا هەندێک لە هێزەکانی هەسەدە لە چەند شوێنێک پاشەکشە دەکەن.

داوای لە هاووڵاتییان کرد پشتگیریی ئەم پرۆسەیە بکەن تاوەکوو بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

مەزڵووم عەبدی، راشیگەیاند پرسی ناوچەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی، وەک ناوچەی کوردی بەشێکی دانەبڕاو دەبن لە پرۆسەی گفتوگۆکان، هەرچەندە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزی دیکەدان، بەڵام چارەسەرکردنی دۆخی ئەو ناوچانە پێویستی بە کات و دانوستانی زیاتر هەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە گشتگیرەکەدا.

لە رووی کارگێڕییەوە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە مژدەی بە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دا و دووپاتی کردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، تەواوی کارمەندانی دامەزراوەکانی ئێستای رۆژئاوا دەبنە فەرمانبەری فەرمی و دەخرێنە سەر میلاکی گشتی. ئەم هەنگاوە لەژێر چاودێری و گەرەنتی راستەوخۆی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ دەکرێت، بەو پێیەی وڵاتانی فەرەنسا و ئەمریکا وەک لایەنی بەشدار لە کۆبوونەوەکان، بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لە ئەستۆ گرتووە. عەبدی ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە راستەوخۆ لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش بە شەخسی گەرەنتی سیاسی رێککەوتنەکەی پێ راگەیاندووە.

سەبارەت بە پێگەی شەخسی خۆی، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە دا کە چەندین پۆستی باڵای بۆ پێشنیار کراوە، بەڵام ئەو رەتی کردوونەتەوە و پێی وابووە کە کەسانی دیکە بۆ ئەو شوێنانە شایستەترن؛ جەختیشی کردەوە کە ئەو لە نێو گەلەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە بۆ بەردەوامدان بەو تێکۆشانە سەختەی کە لە پێشە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەو مافانەی هێشتا بەدی نەهاتوون. هەروەها گوتی: پێویستە ئەم یەکێتییەی ئێستای گەلی کورد بەرەو قۆناغێکی باڵاتر ببەین و کار بۆ دامەزراندنی مەرجەعێکی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد بکەین.

مەزڵووم عەبدی بە شانازییەوە باسی لە هەڵوێستی نەتەوەیی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد لە چەند رۆژی ڕابردوودا و رایگەیاند، ئەو پشتیوانییە هێزێکی گەورەی پێ بەخشیوە. هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرکردە و پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کرد کە بە هەموو توانایەکی ماددی و مەعنەوییانەوە هاوکار و پشتیوان بوون، و ئەم هەڵوێستە نەتەوەییەی بە خەباتێکی گەورە و کاریگەر وەسف کرد.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، راشکاوانە باسی لە کوالێتی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق کرد و ڕایگەیاند: دەزانم ئەم رێککەوتنەی کراوە لە ئاستی هیوای گەلەکەمان و تەنانەت لە ئاستی داواکارییەکانی ئێمەشدا نەبووە. ناتوانم بڵێم کارێکی زۆر باشمان کردووە، بەڵام لەم هەلومەرجە سەختەی ئێستادا، هەنگاوێکی پێویست و ناچاری بوو.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە شێوازی تێکۆشانیاندا کرد و گوتی: لەمەودوا لە رێگەی خەباتی سیاسییەوە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و پارێزگاریکردن لە گەلەکەمان دەدەین.

هەروەها مەزڵووم عەبدی بانگەوازێکی ئاراستەی تەواوی ئاوارەکان کرد و داوای لێکردن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و ناوچەکانیان، جەختیشی کردەوە کە ئەوان وەک هەسەدە بەرپرسیار دەبن لە پاراستنی گیان و مافەکانیان.