ئومێد خۆشناو: هاوکارییەکان بە ئەمانەتەوە دەگەیەنرێنە رۆژئاوا
شەممە، 31ـی کانوونی دووەم 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەشێکی زۆر هاوکارییەکان گەیەنراونەتە رۆژئاوا، ئەوەشی ماوەتەوە، بەردەوام دەگەیەنرێن و لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، بەسەر خەڵکەکەدا دابەش دەکرێن.
پاریزگاری هەولێر، جەختی لەوە کردەوە "ئەم کەمپینە، ئەرکێکی نەتەوایەتی، نیشتمانی، ئەخلاقی و مرۆڤایەتییە. بە خۆشحاڵییەوە لە گشت بەشەکانی کوردستانەوە هاوکاری و کۆمەك بۆ برا و خوشکانمان لە رۆژئاوا کۆ کرایەوە.."
ئومێد خۆشناو، سۆپاسی بەشدارانی کەمپینەکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کرد لە گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی بار و دۆخی کوردانی ڕۆژئاوا و هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لەم کەمپینەدا.
پارێزگاری هەولێر، گوتیشی: جگە لە دابینکردنی پێداویستییەکان، بڕی یەک ملیار و 700 ملیۆن دیناری عێراقی لەم کەمپینەدا کۆ کراوەتەوە.
سەبارەت، بە خۆپیشاندانی پشتگریی رۆژئاوا، ئومێد خۆشناو گوتی: خۆپیشاندان دەبێ لە چوارچێوەی رێسای دیاریکراو و بە شێوازێکی مەدەنی بەڕێوە بچێت نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕێک. ئێستاش کە بەخۆشحاڵییەوە رێککەوتنی ئاشتی کراوە، چیدی پێویست بە خۆپیشاندان ناکات. هیوادارین ئەو رێککەوتنە بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ بکرێت و کوردانی رۆژئاواش بە مافەکانی خۆیان بگەن و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ناوچەکەیان و هەموو سووریادا بکێشێت.
پارێزگاری هەولێر، هەوڵەکانی سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا 'لیندزی گراهام'ی بە کارێکی گرنگ وەسف کرد و گوتی: گەلی کورد هەرگیز دۆستەکانی خۆی لە بیر ناکات. ئێمە هیوادارین پرۆژە یاساکەی ببێتە یاسا و چیدی گەلەکەمان دووچاری ستەم نەبێتەوە.
هاوکارییەکانی خەڵکی هەولێر بۆ رۆژئاوا:
- کۆی گشتیی: 504 تۆن (126 بارهەڵگر).
- خۆراک: 325 تۆن.
- کەلوپەلی ناخۆراکی: 147 تۆن.
- پێداویستی پزیشکی و دەرمان: 32 تۆن.
- پارەی کاش (کۆکراوە): نزیکەی 1 ملیار و 700 ملیۆن دینار.