کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا: نیگەرانی دۆخی کوردین لە ڕۆژئاوای کوردستان
دۆن بەیێر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 ڕایگەیاند، کورد هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە و دەبێت لە عێراقدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، هاوکات نیگەرانی خۆیشی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
دۆن بەیێر ئاماژەی بەوە دا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا کورد و ئەمریکا هاوبەشییەکی ناوازەیان هەبووە و کورد ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە تێکشکاندنی داعشدا. گوتیشی: هەمیشە ویستوومانە دڵنیابینەوە لەوەی لە نێو هەموو ئەو فشارانەی عێراقدا، کورد دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو کۆنگرێسمانە ئەمریکییە نیگەرانیی خۆی نیشاندا و گوتی: زۆر نیگەرانم لەوەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بەسەر کورد دێت.
دۆن بەیێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە گۆڕانکارییەکانی سووریا کرد و ڕایگەیاند: نەمانی بەشار ئەسەد شتێکی باشە، بەڵام دەمانەوێت دڵنیابینەوە کە هەموو ئەو خەڵکەی لە سووریادا ماون، بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕێزیان لێ دەگیرێت.