شاندێکی باڵای پەرلەمانیی ئەڵمانیا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی رۆژئاوا لە هەولێرن

شاندێکی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی بێریڤان ئێیماس، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی نۆرس ڕاین وێستڤالیا گەیشتنە هەولێری پایتەخت و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام بدەن.

شاندەکە لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ڤالا فەرید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێشوازییان لێکرا.

ڕێناس جانۆ، نوێنەری دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکە ڕایگەیاند، شاندە ئەڵمانییەکە بەرنامەیەکی چڕیان هەیە و بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە میانەی سەردانەکەیاندا شاندی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا سەردانی چەندین دامودەزگای حکوومەتی هەرێم دەکەن. تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانیشیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و دۆستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا.