شیفا بارزانی: زیاتر لە 40 هەزار کورد لە شاری بۆن یەکڕیزیی نەتەوەییان نیشانی جیهان دا
شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، خۆشحاڵیی خۆی بۆ کۆبوونەوەی ملیۆنی و فراوانی کوردانی دیاسپۆرا لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا دەربڕی.
ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گردبوونەوەیە گەورەیە بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامێکی ڕوونی بۆ هەموو لایەک نارد کە کاتێک کوردان بە تێکڕا و بە دەنگێکی بەرز دروشمی ی(یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە، یەکە یەکە یەکە، کوردستان یەکە) دەڵێنەوە، هەموو نەتەوەی کورد دڵخۆش دەکەن.
ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتی
سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو هەوڵ و تێکۆشانە بێوچانەی کە داویەتی لە پێناو ئاگربەست و ڕێگریکردن لە خوێنڕێژی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوكات سوپاسی گەلی کوردستانی کرد بۆ دڵگەورەیی و ئەو هاوکارییە مرۆییە فراوانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشی خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، جەختیشی کردەوە لەوەی، دڵی هەموو کوردانی تاراوگە لەگەڵ ڕۆژئاوای نیشتماندایە.
خەباتی مەدەنی و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان
شیفا بارزانی داوای کرد، پڕۆسەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بەردەوام بێت و جەختی لەسەر ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی کردەوە بۆ کوردانی دەرەوەی وڵات و ڕایگەیاند: دەبێت هەموو خۆپێشاندانەکان لە ئەورووپا و جیهان بە شێوازێکی ئاشتییانە بن و کوردان ڕێز لە یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بگرن کە لێی دەژین، ئامانجی ئەمەش نیشاندانی وێنەیەکی جوانی کەلتووریی نەتەوەی کوردە بە دونیا، تاوەکو بسەلمێنرێت کە کورد خەڵکی شەڕ نییە و تەنیا ئاشتی دەوێت، بەڵام کاتێک شەڕی بەسەردا دەسەپێنرێت، ناچارە بۆ پاراستنی خاک و ماڵی خۆی بەرگری بکات، بەبێ ئەوەی دەست بۆ خاکی هیچ گەل و نەتەوەیەکی تر ببات.
جووڵەی دیپلۆماسی و گەیاندنی پەیامی کورد بە پەرلەمانەکانی جیهان
سەبارەت بە قەبارەی خۆپیشاندانەکەی ئەڵمانیا، شیفا بارزانی ئاشکرای کرد، زیاتر لە 40 هەزار کوردی دیاسپۆرا بەشدارییان لە خۆپێشاندانی شاری بۆن کردووە، بە جۆرێک کە قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بووە و هەموو ترافیکەکانی شاری بۆن گیراون. ئاماژەی بەوەش کرد، بە شێوەیەکی فەرمی نووسراو و پەیامی گەلی کوردیان گەیاندووەتە باڵیۆزخانەکان، پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانەکانی ئەڵمانیا، سوێد، نەرویج و ئەمریکا، ئەم جووڵە دیپلۆماسییە بووەتە هۆی ئەوەی پشتیوانیی لایەنە سیاسییەکانی ئەورووپا بۆ دۆزی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
نەتەوە لە سەرووی حزب و ئایدۆلۆژیاوەیە
لە پەیامەکەیدا، شیفا بارزانی داوای یەکڕیزیی تەواوەتی لە گەلی کورد کرد و ڕەنگدانەوەی پەیامی سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە کە کوردستان لە سەرووی هەر ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕێکی سیاسییە،ڕایگەیاند: حزبەکان تەنیا ئامرازن بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی نەتەوە، بۆیە پێویستە لە دیاسپۆرا تەنیا کوردایەتی بکرێت و ڕێگە نەدرێت ململانێی حزبی یەکڕیزیی کورد لاواز بکات.
داواشی کرد، لە هەموو شوێنێک تەنیا ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز بکرێتەوە و بشەکێندرێتەوە، چونکە ئەو ئاڵایە کۆکەرەوەی هەموو کوردێکە لە هەر شوێنێکی جیهان بێت.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەک چەترێکی نیشتمانی بۆ کوردانی تاراوگە، لە ساڵی 2026دا توانیویەتی گەورەترین جووڵەی جەماوەری و دیپلۆماسی لە مێژووی دیاسپۆرادا ڕێکبخات، گردبوونەوەی 40 هەزار کەسی لە شاری بۆن، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی کورد، شیفا بارزانی وەک سەرپەرشتیاری ئەم کۆنفیدراسیۆنە کار دەکات بۆ گۆڕینی هاوسۆزیی کوردانی دەرەوە بۆ گوشارێکی سیاسیی کاریگەر لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە جیهاندا، تاوەکو گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و مافە دەستوورییەکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەدەستبهێنرێت.