سبەی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ مەبەستی یەلاکردنەوەی پرسی سەرۆککۆماری عێراق و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: سبەی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای چوارچێوەکە کە پێکهاتووە لە؛ محەممەد شیاع سوودانی، هادی عامری و موحسین مەندەلاوی، سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم سەردانە لەسەر بنەمای بڕیاری کۆتا کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت، بە ئامانجی دروستکردنی لێکتێگەیشتن لە نێوان برایانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
هەروەها عەباس رازی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمارە لە رێگەی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان.
لای خۆیەوە عەبدولڕەحمان جەزائیری، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 وردەکاریی سەردانەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "سەردانی شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەولێر، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە و ئامانج لێی گفتوگۆکردنە لەسەر دوو دۆسیەی هەستیار: یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق".
چاودێران پێیان وایە، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت دڵنیایی وەربگرێت لە هێزە کوردییەکان بۆ پشتیوانیکردنی کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، لە بەرانبەر ئاسانکاری بۆ تێپەڕاندنی کاندیدی کورد بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار.
ئەم سەردانەی شاندی چوارچێوەکە بۆ هەولێر لە کاتێکدایە، کە دوێنێ شەو لە کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەکە، بڕیاریاندا بە هێشتنەوەی نووری مالیکی وەک تاکە کاندیدیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
هەروەها ئەمڕۆش پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبووەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان و کۆبوونەوەکە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دواخرا.
لەم بارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەکوردستان24ـی گوت: هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان تەواونەبوونی رێژەی یاسایی بوو، بەڵام بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە کورد نەبوو ئەگەرنا ئەوان دەیانتوانی رێژەکە تەواو بکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، ب ەشێوەیەکی گشتی کێشە هەیە، تەنانەت لە دانانی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانیش، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی چەند رۆژێکی دیکە دەرفەت بدرێت بۆ ئەوەی ئەو شاندەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە دەچێتە هەرێمی کوردستان، بگەڕێتەوە و بۆچوونی ئەوانیش وەربگیرێت.