هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە چڕ دەکرێنەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی هێزەکان لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی کۆبووەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەسەڵاتە کارگێری و داراییەکانی هەردوو فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو پەسەند بکرێن.

یەکشەممە 1ـی شوباتی 2026، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی هێزەکان کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجام دا بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی هەر دوو فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەشی داوە، کۆبوونەوەکە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و تێیدا گفتوگۆی ورد لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی دەسەڵاتە کارگێڕی، دارایی و یاساییەکان بۆ هەردوو فەرماندەیی دەڤەری یەک و دەڤەری دوو کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەنێوان ئەندامانی لیژنەکە، بڕیار دراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەکانی لیژنەکە کۆتایی پێ بهێنرێت و سەرجەم دەسەڵاتەکان بۆ ئەو دوو فەرماندەییە پەسەند بکرێن.

ئەم هەنگاوە بە بەشێک لە پرۆسەی چاکسازی و دامەزراوەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا دادەنرێت.