ئیسرائیل فەرماندەیەکی حزبوڵڵا کوشت

(وێنە؛ باشووری لوبنان)
(وێنە؛ باشووری لوبنان)

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ناوچەی دویر لە نزیک شارۆچکەی عەبا لە باشووری لوبنان، "عەلی داود ئامێش" فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج و کوشتوویانە.

بەگوێرەی بەیاننامەی سوپای ئیسرائیل، ئامێش فەرماندەی فیرقەیەک بووە لە یەکەی ئەندازیاری حزبوڵڵا و بەرپرسیار بووە لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی سەربازیی ئەو حزبە لە ناوچەی دویر، هەروەها تۆمەتبار کراوە بە داڕشتنی پلان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی لوبنان پشتڕاستی کردەوە؛ لەو هێرشەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە زەمینییەکانی ئیسرائیل لە رێگەی ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە لە ناوچەی سەلحاوە بەرەو ناو شاری یارون لە باشووری لوبنان پێشڕەوییان کردووە و لە ناوچەکەدا دەستیان کردووە بە چاندنی تەقەمەنی لە ناو چەند ماڵێکدا.

لەلایەکی دیکەوە، دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت؛ لە کاتێکدا لوبنان بەڵێنی داوە هەموو چەکەکانی وڵاتەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانەی کە پێشتر واژۆ کراون، بەڵام حزبوڵڵا جەخت دەکاتەوە؛ ئەو رێککەوتنانە تەنیا ناوچە سنوورییەکانی باشوور دەگرێتەوە و رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری جبەخانە و چەکەکانی بێت لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتدا.