گوندنشینانی کوفی: هیوادارین رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق جێبەجێ بکرێت

کوردستان 24، لە گوندەکانی سنووری کۆبانێ، چووەتە ئەو شوێنانەی کە نزیكی بەرەکانی شەڕن. ئێستا شەڕ لەو ناوچانە وەستاوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵک ئاوارەبوون، ئەوانەی لە گوندەکان ماونەتەوە لە دۆخێکی یەکجار خراپدا دەژین؛ نە کارەبایان هەیە نە خزمەتگوزاری، سەرماو سۆڵەش باری ژیانیانی سەختتر کردووە. 

گوندی کوفی لە دەوروبەری کۆبانێ، تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سەنگەرەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریاوە دوورە. دانیشتووانەکەی داوا دەکەن ئەو رێککەوتنەی کراوە، جێبەجێ بکرێت تا بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت.

هاووڵاتی خەلیل عەبدۆ گوتی: هیوادارین رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە زووترین کات بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە خەڵکی سیڤیل نەبێتە قوربانی.

محەممەد ئەمین هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو گوندە، دەڵێت: رەوشی خەڵک زۆر خراپە و خەڵک زۆر ماندووە، بەو هیوایەین ئەو رێککەوتنە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.

عەدلە محەممەد، دانیشتووی گوندەکەش دەڵێت: خەڵک لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، نان زۆر کەم بووە و بەرەو نەمان دەچێت، سووتەمەنی نەما و هیچ شتێک نەما، خەڵک لە برسا و لە سەرما ژیانیان کەوتووەتە مەترسی. هیوادارین ئەو بارودۆخە تێپەڕێت و هاووڵاتییان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان.

بریارە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا ئەمڕۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزەکانی ناوخۆی حکوومەت دەچنە ناو شارەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی هەسەدە لە ناو شارەکان دەکشێنەوە، بەڵام نابێت سوپای عەرەبیی سووریا بچێتە ناو شارەکانەوە. هاووڵاتییانیش چاویان لەوەیە رەوشی ناوچەکانیان ئارام بێتەوە و کۆتایی بە دەربەدەریی ئاوارەکان بێت.