کاروانێکی دیکەی نەخۆشانی تالاسیمیا گەڕانەوە هەرێمی کوردستان
دوای ناردنی ژمارەیەک لە نەخۆشانی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست، کاروانی سێیەمی نەخۆشانی تالاسیمیا گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە نەخۆشانی تالاسیمیا بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک رەوانەی دەرەوەی وڵات کران، ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2026، سێیەمین کاروانی نەخۆشەکان کە 14 تووشبووی تالاسیمیان، دوای نەشتەرگەری و مانەوەیان بۆ زیاتر لە 100 رۆژ، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی شوباتی 2026، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
لەمبارەیەوە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا دەستخۆشی و سوپاسی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد بۆ پاڵپشتی و پەرۆشیی بەردەوامی لە سەرخستنی ئەم پڕۆژە گرنگە، کە هیوای چاکبوونەوەی بۆ سەدان خێزان گەڕاندووەتەوە.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، "تاوەکو ئێستا بە پێنج کاروان، زیاتر لە 172 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتوون لە نەخۆشان، بەخشەران و هاوەڵەکانیان، رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون، ئەمەش دوای ئەوەی رێکارە زانستی و پزیشکییەکانیان لە ناوخۆی کوردستان بۆ ئەنجامدراوە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی تێچووی گەشتەکە، لەوانە خەرجیی چوون و هاتنەوە، مانەوە، پشکنینەکان و نەشتەرگەرییەکان لەسەر بوودجەی تەرخانکراو دەگرێتە ئەستۆ، بڕیاریش وایە لە رۆژانی داهاتوودا، کاروانی شەشەمی تووشبووان و هاوەڵەکانیان بۆ هەمان مەبەست رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن.