نەتەوە یەکگرتووەکان: 110 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراق لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماونەتەوە

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رایگەیاندووە، هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عێراق بۆ شوێنی خۆیان بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکردووە، 110 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە. 

یەکشەممە 1ـی شوباتی 2026، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رایگەیاندووە، ڕێکخراوەکەیان پشتگیری لە هەوڵەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق کە ژمارەیان نزیکەی 110هەزار پەنابەرە و لە 21 کەمپی هەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەتەوەیەکگرتووەکان کار دەکات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان وەک تەندروستیی و خوێندن، تاوەکو ڕێگری لە کارەساتی مرۆیی بکەن لەناو کەمپەکان، هەروەها جیاواز لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، هاوکات پاڵپشتی و پشتگیری زیاتر لە 338 هەزار ئاوارە دەکەن کە پێوستییان بە چاودێری بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە. 

سەرەڕای فشاری حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان و بڕینی هاوکارییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم 110 هەزار کەسە بەهۆی ئەم هۆکارانە ناتوانن بگەڕێنەوە، لەبەر نەبوونی دۆخی ئەمنیی و ئاسایش بەتایبەت لە ناوچەی شەنگال بەهۆی بوونی هێزە جیاوازەکان. هەروەها وێرانبوونی ماڵ و شوێنی مانەوەیان چونکە زۆریكیان تاوەکو ئێستا ماڵەکانیان چاکنەکراوەتەوە. لەگەڵ نەبوونی خزمەتگوزاری وەکو ئاو، کارەبا، قوتابخانە و نەخۆشخانە لە ناوچە رەسەنەکانی خۆیان.

ساڵی 2014 و دوای دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەکی عێراق و سووریا لە لایەن داعشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچانە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون کە ژمارەیان لە نێوان 850 بۆ 900 هەزار کەس بوون، هاوکات بە سەر زیاتر لە 35 کەمپ دابەشکران، 25 کەمپ بۆ ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و 10 کەمپی دیکەش بۆ ئاوارەکانی سووریا تەرخانکرا. 

ئەم ئامارەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، حکوومەتی عێراق بڕیاری دابوو تا کۆتایی مانگی تەممووزی 2024 هەموو ئەم کەمپانە دابخرێن، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ناتوانێت ئاوارەکان ناچار بە گەڕانەوە بکات بۆیە تا ئێستا بەشێک لە کەمپەکان کراوەن و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت.