هێزەکانی ناوخۆی سووریا چوونە ناو کۆبانێ

دەروازەی شاری کۆبانێ
دەروازەی شاری کۆبانێ

20 ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ناوخۆی سووریا چوونە ناو شاری کۆبانێ.

لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی شوباتی 2026، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چوونە ناو شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.

ئەنوەر عەبدوڵـلەتیف، نێردراوی کوردستان24 بۆ کۆبانێ، رایگەیاند، هێزەکانی ناوخۆی سووریا لە 20 ئۆتۆمبێل و 100 کەس پێکهاتوون و بەبێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە، چوونەتە ناو شارەکە. 

نێردراوی کوردستان24 باسی لەوەش کرد، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵكی شاری کۆبانێ و دەوروبەری بەردەوامە. ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی شاری کۆبانێ ئێستا ئارامە و لەو کاتەوەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکە راگەیەنراوە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی لە دەوروبەری شارەکە کۆتاییان هاتووە. 

 

پوختەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا

رۆژی هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنەکەیانی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا کرد، کە بە ئامانجی پاراستنی گەل و رێگری لە کۆمەڵکوژی واژۆ کراوە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:

- هێزە سەربازییەکان: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

- دۆسیەی ئەمنی: هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی نێو شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.

- کارگێڕی و زمان: خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکە بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت.

- دۆخی کۆبانێ: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و هێزەکان لە نێو شار دەکشێنەوە بۆ دەوروبەری.

- گەرەنتیی نێودەوڵەتی: ئەمریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکاری سیاسی دەمێننەوە.

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانیاندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا.