بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە: هەنگاو بە هەنگاو رێککەوتنە دووقۆڵییەکە جێبەجێ دەکەین

مەروان عەلی، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە
مەروان عەلی، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە

هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چوونە ناو حەسەکە. بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی شارەکەش دەڵێت، "بە گوێرەی رێککەوتنێک هاتووین و پێکەوە سەقامگیریی ناوچەکە دەپارێزین."

مەروان عەلی، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چوونەتە ناو شارەکە و هەنگاو بە هەنگاو هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن. 

بە گوتەی بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە، ئامانج لە رێککەوتنەکە، گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیرییە و وەک خۆی گوتی، "بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆی سەر بە هەسەدە، پێکەوە ناوچەکە دەپارێزین. لە چەند رۆژی داهاتووشدا هەموو شتێک دەگەڕێتەوە ڕێڕەوی ڕاستی خۆی."

هاوکات سیامەند عەفرینی، جێگری بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە، کە لە لایەن هەسەدەوە دانراوە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێزەکانی ناوخۆی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوان و بە گوێرەی رێککەوتنەکە، هاتوونەتە شارەکە و هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک لە نێوانیاندا رووینەداوە. 

 

 

ئەمە لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ 20 ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ناوخۆی سووریا چوونە ناو شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان. چاوەڕێ دەکرێت، ژمارەیەکی دیکەشیان بچنە ناو شاری قامشلۆ، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی راگەیەنراوە. 

 

پوختەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا

رۆژی هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنەکەیانی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا کرد، کە بە ئامانجی پاراستنی گەل و رێگری لە کۆمەڵکوژی واژۆ کراوە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:

- هێزە سەربازییەکان: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

- دۆسیەی ئەمنی: هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی نێو شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.

- کارگێڕی و زمان: خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکە بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت.

- دۆخی کۆبانێ: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و هێزەکان لە نێو شار دەکشێنەوە بۆ دەوروبەری.

- گەرەنتیی نێودەوڵەتی: ئەمریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکاری سیاسی دەمێننەوە.

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانیاندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا.