لە بەغدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەزار و 387 چەکداری داعش دەکرێت
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەگەڵ هەزار و 387 چەکداری داعش کە لە زیندانەکانی سووریاوە گواستراونەتەوە زیندانەکانی عێراق، لێکۆڵینەوە یاساییەکانی دەستپێکردووە، بەوشێوەیەش عێراق مەبەستییەتی هاوپەیمانێتییەکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دووپات بکاتەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش و دادگایی کردنیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ، بە چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو گروپە دەستپێکردووە.
ژمارەیەک لە دادوەرانی پسپۆر لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەرکی لێپرسینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە، هەموو رێکارەکان لە چوارچێوەی یاسا نیشتمانییەکان و بە رەچاوکردنی پێوەرە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێن.
ئەم پڕۆسەی دادگایی کردنە لە کاتێکدایە کە عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، کار دەکات بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی تێوەگلاون لە تاوانەکانی داعش، بەتایبەت ئەو تاوانانەی دەچنە خانەی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
دادوەریی عێراق ئاشکرای کردووە، چاوەڕوان دەکرێت کۆی گشتیی ئەو چەکدارانەی لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە، بگاتە زیاتر لە حەفت هەزار چەکدار، بۆ ئەم مەبەستەش ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، خەریکی ئامادەکردنی هەموو ئەو بەڵگە و دۆکیومێنتە ئەرشیفکراوانەیە کە تاوانەکانی ئەو تیرۆریستانە دەسەلمێنن، تاوەکو رادەستی دادگاکانیان بکات.
دۆسیەی هەزاران زیندانیی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ساڵانێکی درێژە وەک مەترسییەکی ئەمنیی گەورە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە دەبیندرا، دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچە سنوورییەکان و مەترسیی راکردنی تیرۆریستان لە زیندانەکان، حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیاری گەڕاندنەوەی چەکدارە عێراقییەکان و ئەوانەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی دا، تاوەکو لە ناوخۆی عێراق و لەژێر چاودێریی توندی ئەمنیدا دادگایی بکرێن.