سەید سەلام جەزائیری: تا ئێستا نووری مالیكی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە
عەسائیبی ئەهلوحەق رایگەیاند: تا ئێستا نووری مالیكی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە و گفتوگۆ لەبارەی گۆڕین یان دەستبەرداربوونی نەكراوە
سەید سەلام جەزائیری ئەندامی مەكتەبی سیاسی عەسائیبی ئەهلوحەق، بە كوردستان24ـی راگەیاند: تا ئێستا كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی نووری مالیكییە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕین یان دەستبەرداربوون لە كاندیدەكە نەكراوە، بەڵام گفتوگۆكانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان رازی بكرێن، تێبینی لایەنەكان بەهەند وەردەگیرێت.
هەروەها جەزائیری دەڵێت: چاوەڕێی كورد دەكەین تا لەسەر كاندیدێكی هاوبەش رێك بكەون، بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بكرێت، سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت و كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن بۆ پێكهێنانی حكوومەت رابسێردرێت، ئەگەر ئەوە نەبێت دانیشتن ناكرێت.
لەبارەی ڤیتۆی سوننە رایگەیاندووە، كورد و شیعە، رێزیان لەبڕیاری سوننە گرت كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان وەرگرت، ئێستا كوردیش رێزی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیی گرتووە و پێویستە ئەوانیش رێزی لێبگرن، لایەنەكان لەپەیوەندین تا سوننەكانیش رازی بگرێن.