بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە 13 مەرج بۆ کۆمپانیاکان دیاری دەکات

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رێنمایی و مەرجێکی نوێی ئاراستەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە کرد، بە مەبەستی رێکخستنەوەی گەشتەکان و پاراستنی مافی هاووڵاتییان. 

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە، خزمەتکردنی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و رێگە نادرێت بە هیچ شێوەیەک پێشێلکاری بەرانبەر مافەکانیان بکرێت یان تووشی ناڕەحەتی ببن، بە پێچەوانەوە کۆمپانیا سەرپێچیکارەکان رووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.

رێکارەکانی پێش گەشت و پابەندییە کارگێڕییەکان
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، کۆمپانیاکان پابەند کراون، پێش گەشتکردن کاتی ڕۆیشتن و گەڕانەوە و بەرنامەی وردی گەشتەکە بە شێوەی نووسراو یان برۆشوور رادەستی عومرەکاران بکەن. 

هەروەها دەبێت 48 کاتژمێر پێش گەشت، مەنەفێستی ناوی عومرەکاران رادەستی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە شارەکان بکرێت.

مەرجێکی دیکەش ئەوەیە، نابێت هیچ عومرەکارێک ببرێتە فڕۆکەخانە یان دەروازەی عەرعەر پێش ئەوەی ڤیزەکەی دەربچێت، لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت هیچ کۆمپانیایەک بەبێ ئامادەیی خاوەنەکەی یان کارمەندێکی رێگەپێدراو گەشت ئەنجام بدات.

خزمەتگوزارییەکانی نیشتەجێبوون و خۆراک
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە جەختی کردووەتەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک ئۆتێلی عومرەکاران بگۆڕدرێت یان ڕۆژانی مانەوەیان لە مەککە و مەدینە کەم بکرێتەوە، پێویستە نیشتەجێبوون و نانخواردن لە هەمان ئۆتێل بێت و رێگە نادرێت عومرەکاران بۆ نانخواردن بچنە شوێنێکی تر، یان کۆمەڵەیەک لە یەک گەشتدا بەسەر دوو ئۆتێلی جیاوازدا دابەش بکرێن،سەبارەت بە خۆراکیش، دەبێت جۆری خواردنەکە باش بێت و بڕەکەی بەپێی ژمارەی عومرەکاران بێت، بە جۆرێک ڕێگە نادرێت خواردنی 30 کەس بۆ 40 کەس دابەش بکرێت.

پاراستنی مافە دارایی و ئەمنییەکان
لە ڕێنماییەکاندا هاتووە کە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک لە عومرەکاران لە بەرانبەر زیارەتی (رەوزە) قەدەغەیە، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە گەشت دەکەن، بۆیان نییە هیچ تێچوویەکی گواستنەوەی ناوخۆیی لە هاووڵاتییان وەربگرن. 

لە رووی ئەمنییەوە، لە کاتی ونبوونی هەر عومرەکارێک، خاوەن کۆمپانیا بۆی نییە بگەڕێتەوە کوردستان تاوەکو چارەنووسی ئەو کەسە دیار دەبێت، بۆ گەشتی وشکانیش، بوونی دوو شۆفێر مەرجێکی بنەڕەتییە و رێگە نادرێت خاوەن کۆمپانیا یان هاوپشکەکەی خۆی پاسەکە لێ بخوڕێت.