ئێزدییەکان رێوڕەسمی جەژنی چلەی زستان بەڕێوەدەبەن
ئەمڕۆ جەژنی چلەی زستانی ئێزدییەکانە و ئەو جەژنە پەیوەستە بە وەرزی سەرما و زستان. لە ئێواری رۆژی جەژن بابا شێخ و کەسایەتییەکانی ئێزدی لە پەرستگەی لالش ئامادە دەبن و ژمارەیەک رێوڕەسمی تایبەت بەو جەژنە بەڕێوەدەچن و تێکست و سەمای ئایینی پێشکەش دەکرێن.
ساڵانە ئێزدییەکان لە 25 ـی کانوونی یەکەمەوە بەرۆژوو دەبن تا یەکی شوبات و لە دووی شوباتەوە دەبێتە جەژنیان و بە جەژنی چلەی زستانە ناسراوە.
لە ئێوارەی جەژنی چلەی زستاندا؛ بابا شێخ و پیاوانی ئایینی و چلەگرەکان ئامادە دەبن. لە سەرەتادا گۆڤەندی بەردەم "دەریێ کانیێ" ئەنجام دەدرێت و لە هەمان کاتدا چراکانی پەرستگەکە دادەگیرسێندرێن.
لوقمان سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پەرستگەی لالش بە کوردستان24ی راگەیاند: "بۆ ماوەی 40 رۆژ و لە ساردترین 40 رۆژی زستاندا بابە شێخ و پیاوانی ئایینی و چلەگران بەڕۆژوو دەبێت."
لە کەشوهەوایەکی سارددا و لەبەردەم ئاگری دارەکاندا، دەف و شمشاڵ لێ دەدرێن و تێکستە ئایینییەکان دەگوترێن، کە ئەمانە رۆحیەتی فەلسەفەی ئایینەکەن.
قەوال ئیلیاس کە کەسایەتییەکی ئایینیی ئێزدییە باس لەوە دەکات کە لە چلەی زستاندا، بابا شێخ و پیاوانی ئایینی و چلەگرەکان رۆژوو دەگرن؛ ئەم رۆژووە لە 25ی مانگی کانوونی یەکەم دەست پێ دەکات تاوەکو 1ی مانگی شوبات، رۆژی 2ی مانگیش دەبێتە جەژن و رێوڕەسمی تایبەت لە ناو پەرستگەی لالش بەڕێوە دەچێت.
هەروەها قەوال ئیلیاس گوتیشی، رێورەسمەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و یەکێکە لە پیرۆزترین جەژنەکانی ئێزدییان.
جەژن و بۆنەکانی ئایینی ئێزدی زیاتر بە وەرزەکانی ساڵ و سروشتەوە، بۆیە ئەم رۆژووەش لە ساردترین 40 رۆژی زستاندا دەکرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئایینی ئێزدییان فەلسەفەیەکی قوڵە و پەیوەندی بە دیاردە سروشتییەکانەوە هەیە.