کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر "دیواری کەزییەکان"ی بەرهەم هێنا و بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکانی دەنێرێت

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانیدا، بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر ڤیدیۆ ئارتی "دیواری کەزییەکان"، کە لە دەرهێنانی دانا محەممەدە،  بەرهەمهێنا و بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکانی دەنێرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، دانا محەممەد، دەرهێنەری ڤیدیۆ ئارتەکە، دەربارەی نمایشکردنی و ناردنی بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ڤیدیۆ ئارتی "دیواری کەزییەکان" هەر لە مانگی شوبات، لە نمایشێکی تایبەتدا نمایشی دەکەین، هەروەها لە مانگی مانگی نیساندا، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی کۆلێژی هونەرە جوانەکان نمایشی دەکەین، هەروەها بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکانیشی دەنێرین، بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی رۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی ئەو ڤیدیۆ ئاڕتەوە بگاتە وڵاتانی جیهان.

دانا محەممەد گوتیشی: کۆنتێستی ڤیدیۆ ئارتەکە، باس لە بەرخودانی شۆرشی رۆژئاوا دەکات، کاتێک ستەمکارێک هەوڵ دەدات بە بڕینی قژی ژنێک ناسنامەکەی بشکێنێت، ڕووبەڕووی دیوارێکی بێدەنگ لە کەزی دەبێتەوە کە وەکو رەگی چیاکان بەیەکەوە گرێ دراون، هەروەها وەڵامێکە بۆ ئەوەی کە بڕینی تاکێک، هەڵسانەوەی هەزارانە.

هەروەها، ڤیدیۆ ئارتی "دیواری کەزییەکان"، لە دەرهێنانی دانا محەمەدە، هەر یەکە لە، دیار فەرهاد و زەینەب کاوە و ڤیانا ئەسعەد و نور عومەر و شادی عوسمان و ئاوات ئەسعەد و رەیان شۆرش و شنیار محەمەد و شەیما حاتەم، ڕۆڵی سەرەکی لەو ڤیدیۆ ئاڕتە دەگێڕن.