حكومەتی ھەرێم زیاتر لە 2 ملیار دینار بۆ بەنداوی دەربەندیخان تەرخان دەكات

K24 – ھەولێر
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ چارەسەركردنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان تەرخان كرد.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: "دوابەدوای نووسراومان بۆ چارەسەركردنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان، بە سوپاسەوە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دا بە تەرخانكردنی بڕی 2 ملیار و 282 ملیۆن دینار، بو بەمەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی چارەسەركردنی زیانەكانی بەنداوی دەربەندیخان".
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەھۆی بومەلەرزەی ساڵی 2017 زیان بە چەند بەشێكی بەنداوی دەربەندیخان كەوتووە، پێشتر حكومەتی ھەرێم ملیارێك دیناری بۆ چاككردنەوەی پڕۆژەكە تەرخان كردبوو، بەڵام ھێشتا كێشەی تێدایە و پێویستی بە چاككردنەوە ھەیە".
گوتیشی: "دوای ئەوەی لەلایەن حكومەت پڕۆژەكە درایە تەندەر، دەست دەكرێت بە چاككردنەوەی بەشەكانی دیكە، كە ئێستا حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕی 2 ملیار و 282 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كردووە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ئاماژەی بەوەشكرد: "بەنداوی دەربەندیخان كە تەمەنی 60 ساڵە بەھۆی زۆری تەمەنی بەردەوام پێویستی بە چاودێری و چاككردنەوەی بەشەكانی ھەیە، ئەو بەنداوە چەندین دەرگای گەورە و تونێلی ھەیە".