دوای 20 مانگ، دەروازەی رەفەح بە رووی نەخۆشەکانی غەززەدا کرایەوە
دوای دابڕانێکی درێژخایەن کە نزیکەی 20 مانگی خایاند، دەروازەی سنووریی رەفەح لە نێوان کەرتی غەززە و وڵاتی میسر کرایەوە. ئەم هەنگاوە هیوایەکی نوێی بەخشییە ئەو نەخۆشانەی کە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستییان بە چارەسەری پزیشکییە لە دەرەوەی وڵات.
دەروازەکە لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا کراوەتەوە، بە جۆرێک کە پڕۆسەی پشکنین و وردبینییەکی زۆر بۆ گەشتیاران ئەنجام دەدرێت. رێکخراوی تەندروستیی جیھانی و مانگی سووری فەڵەستینی هەماهەنگی دەکەن بۆ گواستنەوەی ئەو نەخۆشانەی کە ناویان لە لیستی گەشتکردن دایە.
ئەکرەم عایدی، یەکێک لەو نەخۆشانەیە کە بڕیارە غەززە جێبهێڵێت، ئاماژە بەوە دەکات؛ هەرچەندە بۆ چارەسەر دەچێتە دەرەوە، بەڵام خەمی جێھێشتنی خێزانەکەی لەناو ئەو دۆخە سەختەدا تەنگی پێ هەڵچنیوە. لە لایەکی دیکەوە، خێزانی نەخۆشەکان باس لە کەمیی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان دەکەن لەناو کەرتی غەززەدا و ئەم هەنگاوە بە زەروورەت دەزانن.
هەرچەندە ئەمە وەکوو هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینرێت، بەڵام هێشتا گومان و ترس لای دانیشتووانی غەززە هەیە کە ئایا ئەم کردنەوەیە بەردەوام دەبێت، یان تەنیا رێکارێکی کاتییە و لە داهاتوودا گەمارۆکان توندتر دەکرێنەوە.