قەدەغەی هاتوچۆ لە قامشلۆ راگەیەنرا؛ هێزەکانی ناوخۆی سووریا دەچنە نێو شارەکە
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، لە قامشلۆ قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا.
نێردراوەکەی کوردستان24 لە قامشلۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو قامشلۆ، گوتیشی، ئەو هێزە ئەمنییەی دەچنە ناو شارەکە لە 125 ئەندام پێکهاتووە.
باسی لەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی قامشلۆ رادەستی هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەکرێتەوە.
لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە، ئەم هێزە ئەمنییەی حکوومەتی سووریا لە قامشلۆ جێگری دەکرێن.
دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا دەکرێن، کێڵگە نەوتییەکانیش رادەستی حکوومەتی دیمەشق دەکرێتەوە.
لە رووی ئەمنییەوە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ و پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان (ئاسایش) لە ناوچەکەدا دەست پێ دەکات.