دەم پارتی سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندام و لایەنگرانی دەکات
تولای هاتیمۆغۆڵلاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان 'دەم پارتی' بە توندی سەرکۆنەی دەستبەسەرکردنی ئەندام و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی کرد و رایگەیاند، ئەم فشارانە ناتوانن ئیرادەی ئەوان تێکبشکێنن.
هاتیمۆغۆڵلاری، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد "دەستبەسەرکردنی ئەندامانی پارتی سۆسیالیستی (ESP) کە پارتێکی پێکهێنەری ناو 'دەم پارتی'یە بەشێکی دانەبڕاوە لەو سیاسەتی چەوساندنەوە و فشارەی کە حکوومەت بەرامبەر بە سۆسیالیستەکان و دەنگە ناڕازییەکان پەیڕەوی دەکات.
لە پەیامەکەیدا هاتووە "ئێمە هەرگیز ئەم فشارانە قبوڵ ناکەین. دەبێت موراد چەپنی، هاوسەرۆکی گشتیی ESP و ئەمین ئۆرهان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتیمان و سەرجەم ئەو هاوڕێیانەی دیکەشمان کە دەستبەسەر کراون، بە زووترین کات و بێمەرج، ئازاد بکرێن."
ئەم کاردانەوەیەی هاتیمۆغۆڵلاری، دوای ئەوە دێت کە بەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بنکە و بارەگای چەندین رێکخراو و سەندیکا، لەوانە (ESP, SKM, DİSK/LİMTER-İŞ, BEKSAV) و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان و کارمەندانی ئەو ناوەندانەیان دەستبەسەر کرد.