ئیسرائیلییەکان بە قاچاخ کەلوپەل دەنێرنە کەرتی غەززە
خزمێکی نزیکی دەیڤید زینی، سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل 'شاباک' بە تۆمەتی قاچاخچییەتی کەلوپەلی قەدەخەکراو بۆ ناو غەززە، دەستگیر کراوە، پاش ئەوەی دەرکەوت کەلوپەلی قاچاخی لە بارهەڵگرێدا شاردبووەوە و بۆ غەززەی ناردبوو.
سێشەممە، 3ـی شوبات 2026، رۆژنامەی 'تایمز'ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی "ئەو خزمەی دەیڤد زینی و ژمارەیەک کەسی دیکە، دوو هەفتە لەمەوبەر بە گومانی قاچاخچییەتی کەلوپەل و کەرەستەی وەک درۆن، مۆبایل، دەرمانی قڕکەر، کێبلی کارەبایی و پاتری بۆ ناو غەززە، دەستگیر کراون."
کەلوپەلەکان، بە نهێنی لەناو بارهەڵگرێکدا شاردرابوونەوە کە کەرەستەی تایبەتیی بۆ رووخاندنی بیناکانی پشت 'هێڵی زەرد' کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کراوە، دەگواستەوە.
دۆسییەکە، لە کۆتایی هەفتەدا بۆ رای گشتی ئاشکرا کرا دوای ئەوەی دادوەرانی دادگەیەکی باشووری ئیسرائیل بەشێک لە بڕیاری قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەیان لابرد.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، دوێنێ دووشەممە، دەروازەی رەفەح، کە سنووری نێوان غەززە و میسرە، بە تەواوی بە هەردوو ئاراستەدا کرایەوە. کردنەوەی دەروازەکە، رێگە بە فەڵەستینییەکان دەدات بە هەردوو ئاراستەدا هاتوچۆی پێدا بکەن.
کردنەوەی دەروازەی سنووری رەفەح سنووردارە و ئیسرائیل داوای پشکنینی ئەمنی دەکات بۆ ئەو فەلەستینیانەی پێدا هاتوچۆ دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل و میسر، ژمارەی ئەو کەسانە دابنێن کە بە دەروازەکەدا تێ دەپەڕن، سنووردار بکەن.
رەفەح، کە فەلەستینییەکان وەک تاکە دەروازەی خۆیان بە ڕووی جیهاندا دەیبینن، لەوەتەی ئیسرائیل لە ئایاری 2024 ەوە دەستی بەسەردا گرتووە، زۆربەی کات داخراوە.
بە گوێرەی دوابڕیار سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەکە، لە سەرەتادا رێگە بە خەڵکێکی کەم دەدرێت و بەڵام رێگە نادرێت هیچ کەلوپەلێک لەگەڵ خۆیاندا ببەن.
نزیکەی 20 هەزار منداڵ و گەورە کە پێویستیان بە چاودێریی پزیشکی هەیە، هیوایان وایە لەو دەروازەوە غەززە بەجێ بهێڵن و هەزاران فەلەستینی دیکە لە دەرەوەی ناوچەکە دەیانەوەێ بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان لە غەززە.

وا دیارە بەشێک لە کردەی قاچاخچیێتی لە ناوخۆی ئیسرائیلەوە سەرچاوە دەگرێت و ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی بەرانبەر بڕێکی زۆری پارە، بە قاچاخ کەلوپەل رەوانەی غەززە دەکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، پۆلیسی ئیسرائیل سێ پیاوی بەدەویی لە بیابان نەقەب دەستگیر کرد کە گومانیان لێ دەکرێت نزیکەی 145 کیلۆگرام حەشیشیان لەناو کیسەی ئارددا، بە قاچاخ بۆ غەززە قاچاغ ناردبێت.
تەکنیکێکی دیکە بریتییە لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بە قاچاخبردنی تووتن، مادەی هۆشبەر و کەلوپەلی دیکەی وەک ئایفۆن و تابلێت و تەنانەت پاسکیلی کارەبایی.
کەناڵی 12ی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل شوێنێکی نیشان دا کە تێیدا ئیسرائیلییەک کارتۆنی جگەرەی لەناو داروپەردوودا شاردبووەوە بۆ ئەوەی دواتر، فەلەستینییەکانی نزیک سنوور هەڵیبگرنەوە.
تێوەگلانی خزمێکی نزیکی دەیڤید زینی، مانای ئەوەیە کە دۆسییەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت، نەک دەزگای 'شاباک' کە بەرپرسە لە ئاسایشی ناوخۆیی و دژە سیخوڕی و ئێستا زینی سەرکردایەتیی دەکات.
دەیڤید زینی، کەسێکی دەرەوەی دەزگاکەیە و باوەڕدارێکی مەسیحاییە، کە بەشێکە لە گرووپێکی نەتەوەیی توندڕەوی ئاینی (ultra-Orthodox) و هەوڵ دەدەن مافێکی خودایی بۆ خاکی ئیسرائیل بەدی بهێنن لە ڕێگەی دروستکردنی دەوڵەتێکی ئاینیی جوو کە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەش بگرێتەوە.
هەرچەندە دادگەیەکەی ئیسرائیل لە ڕوونکردنەوەیەدا، جەختی کردووەتەوە "دەیڤید زینی، بەشداری قاچاخچییەتییەکەی نەکردووە و لێی ئاگەدار نەبووە. بەڵام تۆمەتەکان دەکرێت هێشتا زیان بە رۆڵ و پێگەی زینی بگەیەنن.
راپۆرتی لیژنەیەکی تایبەت کە لە مانی ئەیلوولی ڕابردوودا پێک هێنرابوو، رایگەیاند "ئەگەر دۆسییەکە هەڵسوکەوتی خراپی و مەترسیداری تێدا بێت، رەنگە ئەرکی زینی، وەک سەرۆکی ئەو دەزگا هەستیارە، کۆتایی پێ بێت."