هەر مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 85 هەزار دینار گران بوو
لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ و زۆربەی کانزا گرانبەهاکان دوای دوو رۆژ لە دابەزینی بەردەوام، جارێکی دیکە روویان لە بەرزبوونەوە کردەوە و نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ بۆ نزیکەی 4,950 دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 275 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4,940 دۆلار، لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ بەراورد بە دوێنێ 83 هەزار دینار بەرزبووەتەوە و بە ملیۆنێک و 75 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوشانی زێڕ، نرخی زیو هەڵکشانی گەورەی بەخۆیەوە بینی، نرخی هەر ئۆنسەیەک 8 دۆلار گرانبووە و بە 87 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دابەزینی پێنوێنی دۆلار بەرانبەر دراوە سەرەکییەکانی دیکە بە 0.20% بۆ 97.41 خاڵ، بە هۆکاری سەرەکی دادەندرێت، ویڕای سوود وەرگرتنی وەبەرهێنەران لە نرخە نزمەکان، وای کرد؛ نرخەکان جارێکی دیکە روو لە بەرزبوونەوە بکەنەوە.
نیگەرانی لە نەبوونی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا باڵی بەسەر بازاڕەکاندا کێشاوە، بەهۆی داخرانی بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکانی ئەمریکا، بڵاوکردنەوەی راپۆرتی بازاڕی کار کە بڕیار بوو ئەم هەفتەیە بڵاوبکرێتەوە، دواخراوە و ئەمە وایکردووە؛ وەبەرهێنەران نەتوانن وێنەیەکی روونیان دەربارەی بڕیارەکانی داهاتووی رێژەی سووی بانکیی ئەمریکا هەبێت.
پێشهاتە سیاسییەکان، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیان سنووردار کردووە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا پێناسی سەر کاڵاکانی هیندستان بۆ 18% کەم بکاتەوە لەبەرانبەر؛ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر راگرتنی کڕینی نەوتی رووسیا، ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی گرژییە بازرگانییەکانی چەند مانگی رابردوو دەبینرێت. هاوکات، بڕیارە رۆژی هەینی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران کۆببنەوە، ئەمە کاریگەری هەبووە لەسەر ئاراستەی وەبەرهێنان لە بازاڕەکاندا.
لەبارەی پێشبینییەکان بۆ نرخی زێڕ، دامەزراوەی دارایی و بانکی جەی پی مۆرگان پێشبینی دەکات؛ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بگاتە 6,300 دۆلار، واتا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیارە21 بۆ ملیۆنێک و 320 هەزار دینار بەرزبێتەوە.
شرۆڤەکارانی بانکەکە دەڵێن : " خواست لەسەر کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکەین؛ ئەمساڵ 800 تۆن بکڕن".
ئاماژە بەوە دەکەن؛ سەرەڕای ئەو ناجێگیرییەی لەم چەند رۆژی رابردوو دروست بووە، ئێمە هێشتا لەسەر ئەو بڕوایەین لە مەودای مام ناوەندا نرخی زێڕ روو لە بەرزبوونەوە دەبێت.
نرخی زێڕ لە 30ـی کانوونی دووەمدا بە زیاتر لە 9.8% دابەزی، زۆرترین دابەزین بوو لە یەک رۆژدا لە دوای ساڵی 1983ـەوە بەخۆیەوە بینیبێت، دابەزینەکە تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام بوو ، دوای ئەوەی زیادکردنی بڕی پێویستی سەرمایە بۆ مامەڵەکان لە بۆرسەی سی ئێم ئی ئەمریکا فشاری خستە سەر نرخی زێڕ و بازڕگانان ناچار بوون مامەڵەکانیان دابخەن چونکە نەیانتوانی ئەو بڕە پارەیە بۆ مامەڵەکانیان دابین بکەن.