دلۆڤان محەممەد: کابینەی نۆیەم بایەخێکی زۆری بە نەخۆشانی شێرپەنجە داوە

وێنە (لێدوانی دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر)
وێنە (لێدوانی دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر)

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر کۆنفرانسێکی زانستی و هۆشیاریی لە شاری هەولێر ڕێکخست. لە کۆنفرانسەکەدا تیشک خرایە سەر گرنگی پشکنینی پێشوەختە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.

دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیانە، بەتایبەتی لە پرسی پشکنینی پێشوەختە و زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، چونکە ئەمە هەنگاوی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەرکردن."

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتی تەندروستیی داوە. گوتیشی: "لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە بودجەیەکی زیاتر بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییەکانی چارەسەری شێرپەنجە تەرخانکراوە، هەروەها بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە هەولێر دانراوە کە دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا."

سەبارەت بە ئامار و داتاکان، دکتۆر دلۆڤان ڕوونی کردەوە؛ زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان لە داتاکاندا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی هۆشیاری خەڵک و زوو سەردانیکردنیان بۆ بنکە تەندروستییەکان، کە ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستنیشانکردنی زووی نەخۆشییەکە.

هەر لە لێدوانەکەیدا، ئامارێکی سەرنجڕاکێشی خستەڕوو و گوتی: "بەپێی دوایین داتاکان، سەدا77ـی ئەو نەخۆشانەی لە سەنتەرەکانی هەولێر چارەسەر وەردەگرن دانیشتووی پارێزگاکەن، لە کاتێکدا سەدا23ـی نەخۆشەکان لە شارەکانی تری عێراقەوە روو لە هەولێر دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەمەش نیشانەی متمانەی هاووڵاتیان و بەرزی کوالێتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە لە هەرێمی کوردستان."

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا جەخت کرایەوە هەماهەنگی نێوان پزیشکان و میدیاکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی پەیامی هۆشیاریی تەندروستیی بە باشترین شێوە بگاتە هەموو ماڵێک و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە بگیرێت.