وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پاڵپشتیی لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و سووریا دەکەین
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە رێککەوتنەکەی هەسەدە و حکوومەتی سووریا دەکات و بە هۆکاری سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پێشوازی لە رێککەوتنی گشتگیریی ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا دەکەین، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو لێکگەیشتنانەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، کە یەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەتە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و پشتیوانیکردن و چارەسەرکردنی پرۆسەی سیاسیی لە سووریا.
لە راگەیندراوەکەی وەزارەتی دەەرەوەی عێراق هاتووە، ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی ئەرێنییە و رەنگدانەوەی لێکگەیشتنە لە نێوان هەموو لایەنە سیاسیییەکانی سووریا، ئەمەش پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا گەرەنتی دەکات و بەیەکسانی بەشداری لە دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، عێراق پاڵپشتیی لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پابەندبوونی بەردەوامی بە پشتیوانی چارەسەرە سیاسییەکان دەکات کە گەلان لە وێرانکارییەکانی ململانێکان رزگار دەکەن.
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق پشتیوانی خۆی بۆ یەکڕیزی و سەربەخۆیی سووریا دووپات دەکاتەوە، هاوسۆزیشە لەگەڵ داخوازییەکانی گەلی سووریا بۆ ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بەردەوام.