پاڵاوگەکانی چین بە نەوتی هەرزانی ئێران قەرەبووی نەوتی ڤەنزوێلا دەکەنەوە

پاڵاوگەکانی نەوت لە چین
پاڵاوگەکانی نەوت لە چین

پاڵاوگەکانی چین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی پچڕانی نەوتی ڤەنزوێلا دروست بووە، بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە کڕینی نەوت لە ئێران کردووە.

ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە؛ پاڵاوگەکانی چین بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە نەوتی ڤەنزوێلادا دروست بووە، پەنایان بردۆتە بەر کڕینی نەوتی خاوی ئێران، بە نرخێکی داشکێندراو.

ئەو دوو سەرچاوەیە روونیان کردووەتەوە؛ کڕینی نەوت لە کۆگاگانی ئێران، قەرەبووی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ چین دەکاتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا پەکین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا.

هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ چین لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئەمە دوای ئەوە هات؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆی توندی خستە سەر ئەو کەشتیانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە و نەوتی ڤەنزوێلا دەگوازنەوە بۆ بازاڕرەکانی جیهان، وەک بەشێک لە سزاکانی ئەو کاتەی واشنتۆن لەسەر کەرتی نەوتی گازی ڤەنزوێلا، هەرچەندە گەمارۆکان بە دەستگیرکردنی مادۆرۆ لەلایەن ئەمریکاوە بەشێکی زۆری کۆتایی هات، بەڵام پاڵاوگەکانی چین بەهۆی ئەو داشکاندنە گەورەیەی تاران بۆ نەوتەکەی دەکات، بەردەوامن لە کڕینی نەوت لە ئێران.

بە بەراورد بە نەوتی خاوی برێنت نەوتی خاوی قورسی ئێران، نزیکەی 12 دۆلار داشکاندنی بۆ کراوە بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمە وای کردووە؛ ببێتە هەرزانترین جێگرەوە بۆ پاڵاگەکانی چین.