مەسرور بارزانی: پێویستە لە سووریا رێز لە مافەکانی گەلی کورد بگیرێت
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتنی نوێی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا دووپات دەکاتەوە و دەڵێت "گەلی کورد لە سووریا شایستەی دانپێدانان و رێزلێنانە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، باسی لە رێککەوتنەکەی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا کرد.
لەبارەی رێککەوتنەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە هیواخوازین کە ئەمە ببێتە دەستپێکی رێککەوتنێکی بەردەوامتر لەنێوان هەردوو لادا، کە ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکە دەهێنێت."
مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت لە سووریای نوێدا رێز لە مافەکانی گەلی کورد بگیرێت و گوتی، پێویستە رێککەوتنە دووقۆڵییەکە "رێز لە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بگیرێت، بە گەلی کوردیشەوە کە ئازارێکی زۆری چەشتووە و شایستەی ئەوەن دانپێدانرابن و ڕێزیان لێبگیرێت."
رێککەوتنە گشتگیرەکەی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا، کە لەم دواییەدا راگەیەندرا، چەندین خاڵی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان و چارەسەرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی کورد لەو وڵاتە. ئەم هەنگاوە لەلایەن ئەمریکاوە پێشوازیی لێکراوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە "بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە" وەسفی کردووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لووتکەکەدا زنجیرەیەک دیداری گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و سەرکردەی وڵاتانی بەشداربوو دەبێت، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، لە شاری دوبەی، لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان دەستی بە کارەکانی کرد کە لەژێر دروشمی "داڕشتنی حکوومەتەکانی داهاتوو" بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت. لەم لووتکەیەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکی دەوڵەتان، سەرۆکوەزیران و رێبەرانی جیهان ئامادەی بوون، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی بەشداریی کردووە.