نۆ کەس لە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی ئازاد کران
نۆ کەس لە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی ئازاد کران کە لە شەڕەکەی لالەزار دەستگیرکرابوون.
ارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، نۆ کەس لە زیندانیکراوانی شەڕەکەی لالەزار ئازاد کران.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەوانەی ئازاد کراون، کەسانی نزیکی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "گەل"ـن؛ یەکێکیان سکرتێر و ئەوانەی دیکەش پاسەوانی تایبەتی بوون.
شەوی 22ی ئابی 2025 لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
ئازادکردنی ئەم نۆ کەسە لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەندین کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی هەمان دۆسیە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ ئازاد کرابوون.