توێژینەوەیەک: خەوتن بەبێ سەرین فشاری چاو کەم دەکاتەوە

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی ئاشکرای دەکات، خەوتن بەبێ سەرین رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لە پاراستنی بینایی ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشیی "ئاوی رەش" یان جلوکۆماوە گیرۆدەن.

نەخۆشی ئاوی رەش (جلوکۆما) بریتییە لە بەرزبوونەوەی فشاری شلەی چاو، کە کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر دەماری بینین، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پلەبەپلەی توانای بینین و رەنگە لە قۆناغی کۆتاییدا تووشبووەکە کوێر ببێت.

توێژینەوەکە، لەلایەن تیمێکی پزیشکیی چەند دامەزراوەیەکی توێژینەوە لە چین، لەوانەش زانکۆی "ژێجیانگ" و ناوەندی توێژینەوەی نەخۆشییەکانی چاو کراوە و لە گۆڤاری زانستیی (British Journal of Ophthalmology) بڵاو کراوەتەوە. ئەنجامەکان دەریان خستووە کە بەکارهێنانی سەرین لە کاتی خەوتنی شەوانەدا، فشاری ناو چاو بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرز دەکاتەوە.

توێژەران، لە چوارچێوەی تاقیکردنەوەکانیاندا، فشاری چاوی 144 کەسی تووشبوو بە ئاوی رەشیان هەر 2 کاتژمێر جارێک لە ماوەی شەو و رۆژێکی تەواودا پێواوە، دەرکەوتووە کاتێک خۆبەخشەکان بە شێوەیەکی تەخت و بێ سەرین رادەکشێن، فشاری چاویان دادەبەزێت، بەڵام کاتێک دوو سەرین دەخەنە ژێر سەریان، فشاری چاویان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرزکردنەوەی سەر لە کاتی خەودا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بۆ  چاو، ئەمەش زیان بەو دەمارە بینینانە دەگەیەنێت کە پێویستیان بە ئۆکسجین و خۆراکی بەردەوام هەیە. هەروەها ئەو دۆخە فشار دەخاتە سەر دەمارە شاخوێنبەرەکان و رێگری دەکات لە چوونەدەرەوەی سروشتیی شلەمەنییەکانی ناو چاو.

پزیشکەکان جەخت دەکەنەوە کە نەخۆشە گەنجەکان و ئەو کەسانەی تووشی جۆری (ئاوی رەشی گۆشە کراوە) بوون، زۆرترین زیانیان لە خەوتن لەسەر سەرین پێ دەگات.

لە کۆتایی توێژینەوەکەدا کە لە ماڵپەڕی "HealthDay" بڵاوکراوەتەوە، توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن کە وازهێنان لە سەرین نابێتە جێگرەوەی دەرمان یان چارەسەری لەیزەک، بەڵام رێکخستنی شوێنی مل و هێشتنەوەی بە شێوەیەکی راست، رێگەیەکی سادە و کاریگەرە بۆ پاراستنی فشاری چاو لە کاتی خەودا.