ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژی سێ ئەندامی خێزانەکەی گەڕەکی شۆڕشی راگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کرد، تیمەکانیان سەرکەوتوو بوون لە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی کە لە 25/01/2026 سێ ئەندامی خێزانێکی لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر کوشتبوو.
ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکە کە ناوی (ئـ. ئـ. ع)ـە، لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن بەرەو شاری کەرکووک، دوای رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بە برینداری قۆڵبەست کرا.
بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش، تۆمەتبار دوای ئەنجامدانی تاوانەکە ئۆتۆمبێلی ماڵی قوربانییەکانی بردبوو، تاوەکو لە شارەکە دەرباز بێت، بەڵام چاودێریی وردی هێزەکانی ئاسایش رێگەی پێنەدا بگاتە شوێنی مەبەست.
لە میانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی ناسیووە، لە درەنگانی شەودا بە بێ ئاگاداری چووەتە ژوورەوە و پەلاماری داون.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، تۆمەتبارەکە پێشینەی نەخۆشیی دەروونیی هەبووە و وەک نەخۆش لە نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر تۆمار کراوە، هەروەها دەرکەوتووە کە بەدەست نەخۆشییەکی دەروونیی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت، ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە و رادەستی دادگا کراوە تاوەکو رێکارە یاساییەکانی بەرانبەر بگیرێتە بەر.
ئەم تاوانە دڵتەزێنەی گەڕەکی شۆڕش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ناو میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو، کە تێیدا سێ ئەندامی یەک خێزان بوونە قوربانی، دەستگیرکردنی خێرای تۆمەتبارەکە نیشانەی ئامادەیی و توانای هێزە ئەمنییەکانی هەولێرە لە کۆنتڕۆڵکردنی تاوانەکان و پاراستنی ئاسایشی شارەکە.