پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەچنە قۆناغێکی نوێوە

شاندێکی فەرمیی باڵای فەرەنسا، لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتیدا، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کرد لە شاری قامشلۆ. سەردانەکە بە ئامانجی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ناوچەکە و گواستنەوەی داواکارییەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکان بۆ ناوەندە جیهانییەکان ئەنجام دراوە.

سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای حکوومەت و پەرلەمانی فەرەنسا، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و فراوانکردنی بازنەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان، سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کرد لە شاری قامشلۆ.

بە پێی راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر  لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ،ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە بریتی بووە لە چاودێریکردنی دۆخی مەیدانیی ناوچەکە لە نزیکەوە و گوێگرتن لە نیگەرانی و داواکارییەکانی خەڵک، بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان بە ناوەندە بڕیار بەدەستە نێودەوڵەتییەکان.

لە میانی کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، ئەندامانی شاندەکە جەختیان لەسەر دوو تەوەرەی سەرەکی کردەوە:

پاراستنی مافە رەواکان؛ داکۆکیکردن لە مافە سیاسی و مەدەنییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە.

هاوکاریی ئەمنی؛ پتەوکردنی هەماهەنگییەکان لە بوارەکانی ئاسایش و سەقامگیریدا، بە تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.

چاودێرانی سیاسی ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ وەسف دەکەن و بە نیشانەیەکی روونی پابەندبوونی فەرەنسا بە پشتیوانیکردن لە داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە دایدەنێن.

هاوکات، ئەم جۆرە سەردانانە وەک هەوڵێکی کارا بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی دیپلۆماسیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەسەر ئاستی جیهانی و کردنەوەی دەرگای زیاتر بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی لێک دەدرێتەوە.