وەزیری تەندروستی: تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە کەمبوونەوەیە
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق و وڵاتانی دیکە کەمترە و ساڵانە روو لە دابەزینە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار حاڵەتی نوێ تۆمارکراون کە نزیکەی 40%یان دانیشتووی ناوچەکانی دیکەی عێراق بوون.
لە میانی بەڕێوەچوونی ئیڤێنتی رۆژی جیهانیی شێرپەنجە لە زانکۆی سەلاحەددین، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی ورد و ئەلیکترۆنی ئامارەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە تۆمارکراون. گوتیشی "ئەم سیستەمە کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە ئاماژەی پێکراوە، یارمەتی داوین راپۆرتی وردمان هەبێت و هەموو تووشبووان خاوەنی فایل و ناونیشانی تایبەت بە خۆیانن."
ئامارە نوێیەکان و خزمەتگوزارییەکان
وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو 10481 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمارکراون، کە 35% تا 40%یان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن و بۆ وەرگرتنی چارەسەر روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. جەختیشی کردەوە کە پشکنینی (PET scan) بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان بێبەرانبەر بۆ نەخۆشان ئەنجام دراوە و تەنیا پارساڵ 3300 پشکنینی لەو جۆرە کراوە، هەروەها 596 حاڵەتی دیکە کە لە کەرتی گشتیدا دەرفەت نەبووە، لەسەر نەفەقەی سندوقی کۆمەک لە کەرتی تایبەت بۆیان ئەنجامدراوە.
پاڵپشتیی حکوومەت و سندوقی کۆمەک
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسای سندوقی کۆمەکە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە. گوتیشی: "لە کابینەی نۆیەمدا بە پاڵپشتی بەردەوامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم سندوقە لە خراپترین دۆخی ئابووریشدا دەستکراوە بووە بۆ هاوکاریی تووشبووان."
کەمبوونەوەی رێژەی تووشبوون
وەزیری تەندروستی جەختی کردەوە کە رێژەی تووشبوون ساڵ دوای ساڵ کەم دەبێتەوە. بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان بۆ هەر 100 هەزار کەس 190 تووشبوو هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ساڵی پێشتر 151 حاڵەت هەبووە و پارساڵ ئەو ژمارەیە بۆ 141 حاڵەت دابەزیوە.
لە کۆتاییدا وەزیری تەندروستی هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەی بۆ رێکارەکانی حکوومەت، هۆشیاریی هاووڵاتییان، زیادکردنی رێژەی سەوزایی، پرۆژەکانی کەمکردنەوەی دەرهاوێشتە کیمیاییەکان و پرۆژەی رووناکی گەڕاندەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی مردن بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمترە و ئێستا وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەوڵ دەدات ئەزموونی سندوقی کۆمەکی هەرێم لە شارەکانی دیکەی عێراق دووبارە بکاتەوە.
ئەم لێدوانانەی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە نەخۆشخانەی نانەکەلی کە تایبەتە بە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە ئاماری ساڵی 2025ی بڵاو کردووەتەوە و تیای دا هاتووە کە 535 هەزار و 630 پشکنینی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەدا ئەنجام دراوە و 1200 فایلی شێرپەنجە کراوەتەوە.