توێژینەوەیەک: ئەم خۆراکانە مەترسیی مردن لەسەر تووشبووانی شێرپەنجە بە رێژەی %60 زیاد دەکەن
بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێ، ئەو تووشبووانەی شێرپەنجە کە پشت بە خواردنی "خۆراکە پیشەسازییەکان" دەبەستن، بە ڕێژەی نزیکەی %60 ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە زیاترە.
گۆڤاری Cancer Epidemiology, Biomarkers & Prevention، سەر بە کۆمەڵەی ئەمریکی توێژینەوەیەکی ئیتاڵی لەسەر شێرپەنجە بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە، ئەو نەخۆشانەی زۆرترین بڕی خۆراکە پیشەسازییەکانی خواردووە، مەترسیی مردنیان زیاتر بووە بەراورد بەوانەی کەمتر خواردوویانە.
توێژینەوەکە ماوەی نزیکەی 17 ساڵی خایاندووە کە لە 2005 بۆ 2022 و لەسەر زیاتر لە 24 هەزار کەس لە ناوچەی مۆلیزی باشووری ئیتاڵیا ئەنجام دراوە کە تەمەنیان لە سەرووی 35 ساڵەوە بووە.
بەپێی توێژینەوەکە، نموونەی ئەو خۆراکانە بریتین لە، ئایسکرێم، گۆشتی لە قوتونراو، چپس، بسکویت، خواردنەوە گازدارەکان و ژەمە خێراکان، ئەم خۆراکانە بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە شەکر، خوێ، چەوریی تێر و ماددەی پارێزەر، نەک تەنیا دەبنە هۆی قەڵەوی و نەخۆشیی دڵ، بەڵکو مەترسیی مردنی پێشوەختەش زیاد دەکەن، چونکە جێگەی خۆراکە تەندروستەکان لە ژەمی رۆژانەدا دەگرنەوە.