شارەوانی هەولێر: زیادەڕۆییەکان لادەدرێن و سەرپێچیکارانیش سزادەدرێن

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی رێکخستنەوە و جوانترکردنی سیمای بازارەکان، هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەکان بەردەوام دەبێت بە ئامانجی نەهێشتنی ئاستەنگی هاتوچۆی شۆفێران و هاووڵاتییانی پیادەڕۆ . 

چوارشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، تیمەکانی شارەوانی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی بەردەوامن لە هەڵمەتی فراوانی لادانی زیادەڕۆیی و رێکخستنەوەی بازاڕەکانی شاری هەولێر.

کارازان عەبدولهادی گوتیشی: لە لایەن وەزارەتەوە دەسەڵاتدراوە بە شارەوانی هەر کەس و دوکاندارێک سەرپێچی بکات و پابەندی رێکارەکانی شارەوانی نەبێت، سزا بدرێت.

لە بارەی سزادانی سەرپێچیکارانیشەوە گوتی" بە گوێرەی یاسای ژمارە ( 3)ـی ساڵی 2018 کە تایبەتە بە رێگری لە زیادەڕۆیی، هەر دوکاندار و کاسبکارێک ببێتە مایەی شێواندن و ناشیرینکردنی سیمای بازاڕەکان، دوای لادانی زیادەڕۆییەکان و ئاگادرکردنەوەی لە لایەن شارەوانییەوە ئەگەر دووبارەی بکاتەوە و بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی سەرپێچی لە سزای پێبژاردنەوە تاوەکو داخستنی شوێنەکەی لەسەریان جێبەجێ دەکرێت. 

سەرۆکی شارەوانی هەولێر، جەختی لە بەردەوامی هەوڵمەتەکە بۆ سەرجەم بازاڕ و شەقامە گشتییەکان بە لادانی زیادەڕۆییەکان کردووە، گوتیشی" ئامانجی كارەكە  جوانترکردنی سیمای شار و کەمکردنەوە و نەهێشتنی بەربەستی هاتووچۆیە بۆ هاووڵاتییان و شوفێران لە سەنتەری شاری هەولێردا.