ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ کشانەوە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات

ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ کشانەوەی تەواوەتی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان دەکات. 

بەگوێرەی میدیاکانی سووریا، هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ کشانەوە لە بنکەی سەربازیی شەدادی لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەک بارهەڵگر لە عێراقەوە گەیشتوونەتە بنکەی شەدادی و دوای بارکردنی کەلوپەل و پێداویستییە سەربازییەکان، گەڕاونەتەوە بۆ عێراق. 

هاوکات، جموجوڵی هاوشێوە لە بنکەی "خەراب جیر" لە رۆژئاوای کوردستان بەدی کراوە، کە ئاماژەن بۆ ئەگەری کشانەوەیەکی فراوانتر.

هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2014ەوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریادا جێگیر بوون. ژمارەی سەربازانی ئەمریکی لە سووریا بە نزیکەی 900 کەس مەزەندە دەکرێت، کە ئەرکی سەرەکییان بریتی بووە لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعشدا.

لە ماوەی رابردوودا، گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان لە سوریا کاریگەرییان لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا هەبووە. دوای گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لە سووریا و هاتنە سەرکاری حکوومەتی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، دانوستانەکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ سوپای سوریا دەستیپێکرد. ئەم گۆڕانکارییانە وایانکردووە کە واشنتن بیر لە کشانەوەیەکی تەواوەتی لە سوریا بکاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەرکی سەرەکیی هەسەدە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بە کۆتاهاتوو لەقەڵەمدرا.

چاوەڕێش دەکرێت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تا کۆتایی ساڵی 2026 تەواو دەبێت، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بوونی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا دەبێت، چونکە بنکەکانی عێراق وەک پشتیوانییەک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سووریا بەکاردەهێنران.

پێشبینی دەکرێت کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام بدرێت، کە تێیدا چەند بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنی دادەخرێن و ژمارەی سەربازان کەم دەکرێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی داعش و زیادبوونی ژمارەی چەکدارەکانیان لە سوریا لە ئارادایە.