پاساک بەرزنجی: لە کۆنگرەی میزۆپۆتامیا توێژینەوە پزیشکییەکان بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرێن
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، 11مین کۆنگرەی تەندروستی میزۆپۆتامیا بەسپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە هەولێر دەستی بەکارەکانی کرد.
د. پاساک بەرزنجی سەرۆکی کۆنگرەی تەندروستی میزۆپۆتامیا و نەقیبی پزیشکانی کوردستان، لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم کۆبوونەوە زانستییە و رایگەیاند، ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و پاڵپشتییەکانی سەرۆکی حکوومەت، نیشانەی بایەخدانی لووتکەی دەسەڵاتی سیاسییە بە کەرتی تەندروستی و زانست.
پاساک بەرزنجی جەختی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کۆنگرەکە کردەوە و گوتی: "هەموو توێژینەوە و بابەتە زانستییەکانی ئەم کۆنگرەیە بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرێن، چونکە پزیشکانی کورد دەیانەوێت لە ەێگەی زمانی دایکییەوە خزمەتی زانست و مرۆڤایەتی بکەن."
لە تەوەرێکی تری وتارەکەیدا، نەقیبی سەندیکای پزیشکانی کوردستان ئاماژەی بە سەرکەوتنی پزیشکانی کورد لە ئاستی جیهاندا کرد و رێزی لەو پزیشکانە گرت کە لە وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەمریکا بەرزترین مەدالیای شانازییان وەرگرتووە و ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان بۆ گۆڕینەوەی ئەزموونەکانیان.
هەروەها باسی لە رۆڵی مرۆڤدۆستانەی پزیشکانی کوردستان کرد و وەک نموونە ئاماژەی بە ناردنی تیمە پزیشکییەکانی باشووری کوردستان بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد، کە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆیی لە کاتە سەختەکاندا هاوکاری هاونیشتمانیانیان کردووە.
کۆنگرەی تەندروستی میزۆپۆتامیا یەکێکە لە گەورەترین کۆنگرە زانستییەکانی پزیشکانی هەر چوارپارچەی کوردستان و پزیشکانی کورد لە دایاسپۆرا، کە تێیدا نوێترین پەرەسەندنە پزیشکییەکان تاوتوێ دەکرێن.