ئەنجوومەنی دادوەری رەتی دەکاتەوە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی رەوانەی هەولێر کرابێت
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی دادوەری بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکوو ئێستا دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانییەوە رەوانەی هەولێر نەکراوە.
سەرچاوەیەک لە تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی زیندانیکراوی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05ـی شوباتی 2026، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لە دادگای سلێمانییەوە رەوانەی دادگای هەولێر کراوە. بەڵام سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی دادوەری بە کوردستان24ـی راگەیاند، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانییەوە رەوانەی هەولێر نەکراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، هەر ئەمڕۆ پێنج کەسی دیکە لەو پاسەوان و پێشمەرگانەی لە شەڕەکەی لالەزار دەستگیر کرابوون، ئازاد کران. بەپێی زانیارییەکان، ئێستا 40 کەس لە زینداندا ماونەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە ئایندەدا بەشێکی دیکەشیان ئازاد بکرێن.
بڕیارە رۆژی 10ـی ئەم مانگە (سێشەممەی داهاتوو)، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی ببرێنە بەردەم دادگا. لە دانیشتنەکەدا رەنگە دادوەر تەنیا هەواڵی گواستنەوەی دۆسیەکەیان بۆ شاری هەولێر پێ رابگەیەنێت، واتە دانیشتنەکە لێپرسینەوە و پرسیار و وەڵامی تێدا نابێت.
شەوی 22ی ئابی 2025 لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
ئازادکردنی ئەم نۆ کەسە لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەندین کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی هەمان دۆسیە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ ئازاد کرابوون.