ویتکۆف: رووسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئاڵوگۆڕی 314 دیل رێککەوتن

ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، رایگەیاند کە رووسیا، ئۆکرانیا بە نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی 314 دیل رێککەوتوون .

پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نوسیوویەتی،"ئەمڕۆ، شاندەکانی ئەمریکا، ئۆکرانیا و رووسیا لەسەر ئاڵوگۆڕی 314 دیلی جەنگ رێککەوتن، ئەمەش یەکەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا."

هەروەها دەڵێت: راوێژەکان بەردەوام دەبن و چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا پێشکەوتنی زیاتر بەدەست بێت.

ویتکۆف، ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا لایەنەکان کارێکی گرنگیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەن، بەڵام ئەو رێککەوتنەی پێی گەیشتوون ئەوە نیشان دەدات کە دیپلۆماسی ئەنجامی بەرجەستە بەدەست دەهێنێت.

پێنجشەممە 5ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی شاندی رووسیا، ئەمریکا و ئۆکرانیا، کارەکانی رۆژی دووەمی خولی دووەمی دانوستانەکانی ئەبوزەبی بۆ چارەسەری جەنگی ئۆکرانیا و تاوتوێکردنی کشانەوەی ئۆکرانیا لە دۆنباس و گەرەنتییە ئەمنییەکان بەڕێوە چوو. 

سەرچاوەیەک بە ئاژانسی "نۆڤۆستی" راگەیاندووە، دانوستانەکانی تایبەت بە چارەسەری ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی جارێکی دیکە لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوە چوون، هەروەها سەرچاوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کەشوهەوای دانوستانەکان لە ئەبوزەبی ئەرێیی بووە.

خولی یەکەمی راوێژە سێ قۆڵییەکان لە 23 و 24ـی کانوونی دووەمی رابردوودا لە ئەبوزەبی بەڕێوە چووبوو.