عەلی دۆلەمەری: فەرەنسا پەرۆشە بۆ کوردانی رۆژئاوا

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات خەڵکی فەرەنسا بەگشتیی کورد و هەرێمی کوردستانیان خۆشدەوێت و فەرەنسا سەلماندی دۆستی کوردە.

ئەمڕۆ 5ـی شوباتی 2026، عەلی دۆلەمەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ فه‌ره‌نسا، بە کوردستان24ـی راگەیاند: پەیوەندی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباش دایە، تەنانەت پەیوەندی سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێم  و سەرۆکوەزیران زۆرباشە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی: لە هەمووی گرنگتر خەڵکی فەرەنسا بەشیوەیەکی گشتیی کورد و هەرێمی کوردستانیان خۆشدەوێت، لەکاتی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، خەڵکی فەرەنسا و دام و دەزگا فەرمییەکانی پەیوەندی بە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمەوە کرد لەو وڵاتە و پەرۆشی و پاڵپشتی خۆیان دەربڕی.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، فەرەنسا سەلماندی دۆستی کوردە و ئەمەش جێگەی دڵخۆشیە بۆ ئێمە، پەیوەندییەکان بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە، بەتایبەتی لەکاتی شەڕی داعش فەرەنسا هاوکارییەکی زۆری پێشمەرگەی کرد.

عەلی دۆلەمەری جەخت لەوە دەکاتەوە، لەگەڵ فەرەنسا بەردەوام لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی مافی کورد لە سووریا لە دەستووری وڵاتەکەدا بە گفتوگۆ جێگیربکەین، فەرەنساش خوازیارە مافی کورد بەم ڕێگە مسۆگەر بکات.