بودجه‌ی 2021ـی عێراق ناڕه‌زایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

بازرگانان: هاووڵاتییان زیانمه‌ندن لە به‌رزی نرخی دۆلار

K24 – ھەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021ی پەسەند کرد. بە ھۆی بڕگەكانی بودجە و ھەندێك رێكاری دیكە داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەن. ئەنجوومەنی وەزیرانیش، وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە بۆ جێگیرکردنی نرخی کاڵا و پێداویستیەکان لە  بازاڕەکان.

لە پاش پەسەندکردنی پرۆژە بوودجەی ساڵی 2021 لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بە ھۆی باج خستنە سەر مووچەی فەرمانبەران و کەمکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی  بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ھەروەھا چەندین رێکاری دیكە، کە لە ناوەڕۆکی پرۆژە بودجەکە ھاتووە و دەبێـتە ھۆی گرانبوونی بازاڕ و مەترسی دەخاتە سەر بژێوی خەڵکی ھەژار، لە سەر ئاستی شەقامی عێراقی ناڕەزایەتیەکی گەورە ھاتووەتە ئاراوە.

"د. خەیاڵ جەواھری"ی تەمەن 74 ساڵ کچی شاعیری بەناوبانگی عێراق "محه‌مه‌د مەھدی جەواھری"یە، چالاكوانە وچووەتە نێو گۆڕەپانی تەحریر و نیگەرانە. دژی پرۆژە بودجەی 2021ی عێراق بۆ کوردستان 24 دوا و گوتی:" ئێمە بیر لە خەڵکی ھەژار و کەم دەرامەت ومنداڵانی بێ باوک و فەرمانبەران دەکەینەوە، تەنانەت ئەوانەی کە حاڵیشیان باشە، چونکە جیاوازیەکی زۆر روویداوە لە گۆڕینەوەی دۆلار و دینار، کە بە ملیۆنەھا دۆلار دەخەمڵێنرێت. پێویستە حوکمڕانەکان بیربکەنەوە. نە وەزیری پلاندانان بیر دەکاتەوە، نە وەزیری دارایی نە سەرۆک وەزیران، نەمان بینیی ھیچ وەزیرێک پڕۆژەیەکی ھەبێت، کە عێراق لەو بارودۆخەی تێیکەوتوە رزگار بکات، بۆیە بێگومان دارایی وڵات زیاتر دادەڕوخێت".

مامەڵەکارانی دراو و بازرگانەکان لە پێشەوەی ھەموو چینەکانی عێراق ھاتونەتە سەر شەقام و ھاووڵاتیان ھان دەدەن بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری، چونکە لە ھەفتەی رابردوو ناجێگری فرۆشتنی دۆلار لە نێوان 135 ھەزار بۆ 145 ھەزار دینار بەرامبەر بە 100$ زۆرترین زیانی لێداون و جێگیرکردنی 100$  بەرامبەر بە 147 ھەزار دینار لە لایەن بانکی ناوەندیەوە، بە زیانی ھاووڵاتیانی دەزانن، چونکە دەبێـتە ھۆی بەرزبوونەوەی %90 ھەموو پێداویستییەکان لە بازاڕ".

 عەمار جەزائری، مامەڵەکارە بە دراوە گوتی: "سەرکۆنەی بەرزبوونەوەی نرخ دەکەین لە ناو بازاڕەکان بە ھۆی گرانبوونی بەھای دۆلار، ئەم حاڵەتەش کاردانەوەی خراپی لە سەر بژێوی خەڵک درووستکردووە. گەلی عێراق پێویستی بە رزگاربوونە لە دەست سیاسیەکان، کە سیاسەت بە ھەڵە دەکەن، ھەر ئەمڕۆ تەواوی نرخەکانی خۆراک بەرز بوونەوە، ئەمە حاڵەتێکی نائاساییە. پێویستە خەڵک وشیاربێت و ئەمە قبوڵ نەکات. بەداخەوە ئەوە خۆپیشاندانە؛ بەڵام خەڵکێکی کەم ھاتوون".

لە پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 بۆ ھەر بەرمیل نەوتێک 42 دۆلار دیاری کراوە. رۆژانە عێراق 3 ملیۆن و 250 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات. لەو رێژەیەش 250 ھەزار بەرمیلی بەر ھەرێمی کوردستان دەکەوێـت و ھەر لە سەر ئەو بنەمایە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، کە لەگەڵ حکومەتی ھەرێم رێکەوتون، یەکێک لەو ھەنگاوانەشی کە حکومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانەکەی گرتوویەتیەبەر، بەرزکردنەوەی بەھای دۆلارە، کە لە 20ی ئەم مانگەوە بانکی ناوەندی بە 147 ھەزار دەیخاتە بازاڕەوە، ئەمەش نیگەرانیی بە دوای خۆیدا ھێناوە.

Fly Erbil Advertisment